رووماڵ

پارێزگاری کەرکووک: ڕێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە سەرژمێری 100% بووە

ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک
ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک

پارێزگاری کەرکووک ڕایدەگەیەنێت: پرۆسەی سەرژمێری لە پارێزگاکە بەبێ گرفت بەڕێوە چوو، هاوکات ڕێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییانیش لە پرۆسەکەدا 100% بووە.

پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: سەرژمێری پرۆسەیەکی گرنگی نیشتمانییە و ئێستاشی لەگەڵ بێت قۆناغی تۆمارکردنی هاووڵاتییان لە پرۆسەکە بەردەوامە. هاوکات سوپاسی خەڵکی کەرکووک دەکات کە بەشدارییەکی کارایان لە پرۆسەکەدا هەبوو.

پارێزگاری کەرکووک، دەڵێت: ڕێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە سەرژمێری 100% بووە، هەروەها پرۆسەکە بەبێ گرفت بەڕێوە چوو، مانەوەی هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان بووە هۆکاری سەرکەوتی پرۆسەی سەرژمێری لە شاری کەرکووک.

ڕۆژی چوارشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2024، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی سەر بە ماددەی 140 دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەوی پێنجشەممە، بەردەوام دەبێت.