بایدن لەسەر فەرمانی دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ و گالانت هاتە دەنگ
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانی دادگەی تاوانەکانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل بەوە وەسف کرد کە "دەبێتە مایەی تووڕەیی."
بایدن ڕەخنەی لە دادگەکە گرت، کە کردەوەکانی ئیسرائیل لە دوای هێرشی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل لەگەڵ کارەکانی حەماس، بەراورد دەکات.
هەروەها بایدن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە " فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی سەرکردەکانی ئیسرائیل لەلایەن دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتییەوە جێگەی تووڕەییە" گوتیشی: "با دیسانەوە ڕوونی بکەمەوە، دادگەی تاوانەکانی نێودەوڵەتی هەرچییەک بێت، هیچ یەکسانییەک لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا نییە و ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئیسرائیل دەوەستین دژی هەر کردەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە بکرێت.