رووماڵ

دلاوەر ئاژگەیی: هەرێمی کوردستان ناوەندێکی گرنگی دیپلۆماسییە لە ئاستی  نێودەوڵەتیی و وڵاتانی ئەورووپا

پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک؛ بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

هەینی، 22ـی تشرینی دووەمی 2024، دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لەو کۆڕبەندەدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەو خەڵکانەی لەم کۆڕبەندەدا بەشدارن خەڵکانی ئاسایی نین،  نزیکەی 40 وڵات بەشدارییان تێدا کردووە، وەک ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و وڵاتانی دەوروبەر."

نوێنەری حکوومەت لە ئەورووپا دەڵێت: "ئەو کەسانەی بەشدارن لەم کۆڕبەندەدا، ئاستی بەرپرسیارێتی زۆر باڵایان هەیە، بە نموونەش لە هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ئەو کۆڕبەندە چەند گرنگە، بۆ ئەوەی وەک دەرفەتێک بەکار بێت بۆ لێک نزیکبوونەوە و دانووستان، تاوتوێکردنی بابەتەکان، کەمکردنەوەی گرژییەکان، دۆزینەوەی ڕێگە چارە بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی ناوچەکەوە هەیە، کە ئەوەش کاریگەری لەسەر ناوچەکە دروست دەکات."

دەشڵێت: "هەموو لایەک باس لەوە دەکات ئاشتیی بۆ ناوچەکە بگەڕیتەوە، سەقامگیریش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی وڵات بەرەو پێشەوە بڕوات، هەروەها کێشەکان کۆتاییان پێ بێت، ئێمە لە دوو هەفتەی ڕابردوو زنجیرە کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەورووپا هەبوو، بە تایبەت ئەوانەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوە دەبەن، هەندێکیان خۆیان دەیانەویت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخەکە بن، زانیاری زیاتر کۆ بکەنەوە و تاکوو چارەی بەشێک لەو کێشانە بکرێت."

ئاماژەی بەوەش دا "وڵاتان بەشێک لە ئەمنییەتی وڵاتەکەیان ڕادەگەیەنن، چونکە بارودۆخەکە نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە سەقامگیر نییە، لەبەر ئەوەی ڕەنگە کاتەکەی گونجاو نەبێت بۆ سەردانی  ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتیی، چونکە هەندێک جار بەهۆی کێشەکانەوە ئاسمانی ناوچەکە دادەخرێن، ئەگەر بیانەوێت سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئێمەش ئاستەم نییە بەرپرسانی وڵاتان بانگهێشت بکەین بۆ مێپس."

دلاوەر ئاژگەیی ڕاشیگەیاند ""هەرێمی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردووە وە ناوەندێکی زۆر گرنگی هاتوچۆی دیپلۆماسی بووە لە ئاستی  نێودەوڵەتیی وڵاتانی ئەورووپا، جا چ لە ئاستیی سەرۆکی وڵاتان بێت یاخود ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر هەڵسەنگاندنیش بۆ مێپس بکەین ساڵ لە دوای ساڵ دەبینین گۆڕانی بەسەردا دێت، بە وەرگرتنی ئەزموون، جگە لە ئاستیی نێودەوڵەتیش دەناسرێت."

نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاواز بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن، کە 73%ـیان بۆ جاری یەکەمە بەشدار دەبن، هەروەها ژمارەیەک پانێل و وۆرکشۆپ لەبارەی دۆخی ئێستەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچن.