پیتەر گالبرێت: پێویستە عێراق خۆی لە ئاگری ناوچەکە بەدوور بگرێت
کریستین سێمس: ئاڵوگۆڕی بیربۆچوونەکان لە مێپس24 گرنگ بوون
پیتەر گالبرێت باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا و دکتۆر کریستین سێمس توێژەر لە دامەزراوەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە واشنتن کە بەشداریی کۆڕبەندی مێپس24 یان لە دهۆک کرد، بۆ ژینۆ محەمەد ئەو مەترسیانەیان نەشاردەوە کە عێراق لە ئێستادا بەهۆی گرووپە چەکدارەکانەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئومێد دەکەن حکوومەتی عێراق بتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەکدارانە بکات.
شەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2024، پیتەر گالبرێت باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا و دکتۆر کریستین سێمس توێژەر لە دامەزراوەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە واشنتن کە بەشداریی کۆڕبەندی مێپس24 یان لە دهۆک کرد، بۆ ژینۆ محەمەد ئاماژەیان بە سەرکەوتنی کۆڕبەندی مێپس24 کرد لە نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەلان لە یەکتری، هاوکات تیشکیان خستە سەر ئەو مەترسیانەی عێراق دووچاری دەبێتەوە لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئیسرائیل، لە بەراییدا پیتەر گالبرێت گوتی: ئەوەی لە مێپس بەڕێوەچوو، خەڵکی پسپۆر و دیپلۆماتکار مامەڵەیان لەگەڵ پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردو بیر و ڕایان ئالوگۆڕ کرد بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باشی هەبێت.
دواتر کریستین سێمس، توێژەر لە دامەزراوەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە واشنتن گوتی: کۆڕبەندەکە زۆر سوودی هەبوو بەتایبەت بۆ ئالوگۆڕی بۆچوونەکان، ئاماژەی بەوە کرد کەژینگەیەکی لەبار و سەقامگیرییەکی باش هەبوو بۆ کۆبوونەوەکە، هیوای خواست لە هەموو وڵاتانەوە بێنە کوردستان بۆ گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیر و بۆچوونەکان.
گوتی: ئەوەی من لە کوردستان ئاشنای بووم، بیر و بۆچوونی کوردبوو سەبارەت بە ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەوەی بزانن چۆن هەماهەنگ بن لە چارەکردنی کێشەکانی ناوچەکە.
جارێکی دیکە پیتەر گالبرێت گوتی: ئەگەر میلیشیاکانی عێراق کە مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل دەکەن بەردەوام بن، بەرپرسیار دەبن لەوەی بەسەر عێراقدا دێت، دەبێت حکوومەتی عێراق ڕێگریی لەو گرووپانە بکات کە عێراق دەخزێننە نێو شەڕەکە، پێی وابوو زۆربەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان پێچەوانەی ئەو سیاسەتەن کە ئێستا حکوومەتی عێراق پەیڕەوی دەکات.
پاشان کریستین سێمس گوتی: ئەوەی لە ناوچەکە ڕوودەدات، جێگەی نیگەرانییە، ئەگەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکەن، پێویستە حکوومەتی عێراق لەوە تێبگات کە ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە و دەبێت ڕێگریی لەو گرووپانە بکات.
دەشڵێت: پێویستە ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکە هەماهەنگ بن لەوەی دۆخەکە هێمن بکەنەوە و ئاگرەکە لەو شوێنە بکوژێننەوە.