ئەحمەد داوودئۆغڵوو: ڕێککەوتننامەی سایکس – پیکۆ ئێمەی دابەش کرد
ئەحمەد داوودئۆغڵوو دووپاتی کردەوە، ڕێککەوتنامەی سایکس – پیکۆ، گەلانی ناوچەکەی دابەش کردووە. بۆ بەدەستهێنانی ئاشتیش لە ناوچەکە، بە پێویستی زانی "ئێمە سەرنجمان لەسەر بەهاکانی مرۆڤایەتی بێت."
هەینی، 22-11-2024، ئەحمەد داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا لە میانی پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس کە لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان، لە شاری دهۆک بەڕێوە دەچێت، ڕایگەیاند: "سایکس - پیکۆ هەموومانی دابەش کرد، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمە چۆن یەک بگرینەوە؟ دەبوو دەوڵەتی فەڵەستین لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دروست بکرایە،بەڵام دروست نەکرا، ئەمەش ڕەگوڕیشەی کێشەکانی دۆزی فەڵەستینە. هاوکات هیچ پابەندییەک لە ماوەی 67 ساڵی ڕابردوودا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی فەڵەستین نەبووە."
داوودئۆغڵوو ڕوونیشی کردەوە "عێراقییەکان لەدوای ڕووخانی سەدام شان بەشانی یەک وەستان، ئەمەش شتێک بوو کە دەمانەویست بیبینین." گوتیشی: "هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ دەڵێت کۆتایی بە شەڕەکان دەهێنم، بەڵام بەسەرنجدان لە تیمەکەی من زۆر نیگەرانم، کە کەسانی توندیان تێدایە."
بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لە ناوچەکە، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا بە پێویستی زانی "ئێمە سەرنجمان لەسەر بەهاکانی مرۆڤایەتی بێت، نەک بەهاکانی وەک تورک و عەرەب و کورد. من ناڵێم نابێت بایەخ بە سنوورەکان بدەین، بەڵام گرنگە کورد و تورکمان و عەرەب ئازاد بن لە هاتوچۆکردنی سنوورەکان."