یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندی مێپس کۆتایی هات

یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندی مێپس24 کۆتاییهات، لە دانیشتنەکانی ڕۆژی یەکەمدا چەندین سیاسەتمەدار و کەسایەتیی ناوچەکە بەشدارییان کرد و گفتوگۆ لەبارەی هەڕەشەی فراوانبوونی ململانێکان و چارەکردنی دۆخی ناوچەکە کرا، هەروەها پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەت تیشکی خرایە سەر.
یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆك کۆتایی هات و چەندین ڕاوبۆچوون گفتوگۆ کرا و بەشداربووان لە لێدوانەکانیان تیشکیان خستە سەر کۆمەڵێک پرسی هەستیاری ناوچەکە.
ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا گوتی: "ڕێککەوتنامەنی سایکس پیکۆ هەموومانی دابەش کرد، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمە چۆن یەکبگرینەوە. دەبوو دەوڵەتی فەڵەستین لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دروست بکرایە، بەڵام دروست نەکرا، ئەمەش ڕەگوڕیشەی کێشەکانی دۆزی فەڵەستینە."
گوتیشی: "عێراقییەکان لەدوای ڕووخانی سەدام شان بەشانی یەک وەستان، ئەمەش شتێک بوو کە دەمانەویست بیبینین."
لەلایەکی دیکەوە هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، گوتی: "حکوومەت و دەسەڵاتدارانی عێراق هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە نەبێتە بەشێک لەو شەڕە، بەڵام وا دەردەکەوێت ئەکتەر و گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ناوەندیی بەهێزترن و بەردەوامن لە پاڵەپەستۆ خستنە سەر عێراق بەرەو لێواری ئەو شەڕە."
ئاماژەی بەوەش دا "وەک سەرۆک بارزانی باسی کرد، ئێمە یەکێک لە پاکترین هەڵبژاردنەکانمان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، ئێستا کاتی ئەوەیە لایەنەکان دەست بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەت بکەن."
لای خۆیەوە، ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق گوتی:" ئەگەری هەیە لە ساڵانی داهاتوو سەیری ڕێکخستنەوەی ناوچەکە بکەین و هاوکات پەروردە و تەکنەلۆجیا و وەبەرهێنان و دروستکردنی هاوپەیمانی دیپلۆماسی و دۆستایەتی دەتوانن گۆڕانکاری لە ناوچەکە بکەن."