رووماڵ

ڕێبەر ئەحمەد: هەندێک کەس هەمان سیاسەتی ڕژێمی پێشوویان پەیڕەو دەکرد، بۆیە داعشیش دروست بوو

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێلی یەکەمی دووەم ڕۆژی، پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس24 لە دهۆک ڕایگەیاند "تیرۆر ئەنجامە، ئەگەر نییە؛ بۆیە پێویستە تیرۆر لەڕەگ و ڕیشەوە چارە بکرێت، ئێمە هەموو کات باسی ئەوە دەکەین کە تیرۆریستان دەیانەوێت چی بکەن."

گوتیشی: "بابەتی ئەمن و ئاسایش گرێدراوە بەو ڕەوشەی کە هەیە، چونکە عێراق هەموو کات کێشەی ناوخۆی هەبووە، پێش 2003 دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری هەبووە کە کێشەی لەگەڵ کورد و شیعە و سوننە هەبوو، ئەگەر چی خۆشیان سوننە بوون. عێراق ئامرازێکی ئەمن و ئاسایش نەبووە لە ناوچەکە، هەرگیز گرنگی  بە بونیادنانی دەوڵەت نەداوە."

ئاماژەی بەوەش دا "پێویستە لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆ بین، عێراق لە دوای 100 ساڵ تاوەکوو ئێستە لە چوارچێوەی بونیاد نانەوەیە، واتە کاری دروستکردنی عێراق شکستی هێناوە، بنەماکانی بەتاڵ و خاڵی بووە. هەروەها سیاسەتی تەعریب و ئەنفال هەبووە، کۆمەڵکوژی هەبووە، بۆیە هەموومان هوامان وایە جیاوازیەک ببینین و ڕێگە ڕاست بکەینەوە، هەروەها هەندێک کەس و لایەن هەمان سیاسەتی ڕژێمی پێشوویان پەیڕەو دەکرد بۆیە داعشیش دروست بوو."