پیتەر گاڵبرێت: حکوومەتی هەرێم لە پرسی ئێزیدییەکان زۆر هاوکارمان بوون

پیتەر گاڵبرێت، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمەریکا لە پانێلی یەکەمی ڕۆژی دووەمی پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس24 لە دهۆک ڕایگەیاند: "زۆر سوپاس بۆ هاوکاری و پشتگیریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی. پرسی ئێزیدییەکان، بابەتێکی مرۆییە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئێمەیان گوت: یارمەتیتان دەدەین، ئەوان ئۆتۆمبێل و ئاسایشیان دابین کرد و مۆڵەتیان دا، بۆیە دەتوانم بڵێم، نزیکەی 20 دایکی ئێزیدی لەگەڵ نزیکەی 30 منداڵ بە دیداری یەکتر شاد بوونەتەوە."
گوتیشی: "بەداخەوە ئەمە تراژیدیایەکی ڕاستەقینەیە چونکە دەبێت بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگەکەی خۆیان، ئەوە هەڵەی ئەوان نییە کە ڕفێنراون، ئەوە هەڵەی ئەوان نییە کە دەستدرێژیان کرایە سەر و منداڵیان بووە."
پیتەر گاڵبرێت، گوتیشی: "پۆلێنێکی دیکەی خەڵک و منداڵ هەیە کە دەمەوێت باسی بکەم، ئەویش60 تاوەکوو 70 هەزار کەس لە کەمپی هۆڵ و ڕۆژ هەن، زۆربەیان عێراقی و سوورین. من دەزانم کە هاوڕێکانمان لێرە، لە حکوومەتی بەغدا و لە کوردستان کاری لەسەر دەکەن".
جەختیشی کردەوە "نزیکەی 10000 بیانی هاتوونەتە ناو داعش، کە لەوانە 4000یان گەنجی تازە پێگەیشتوو بوون. نزیکەی شەش هەزاریان کەوتوونەتە دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات و لە کەمپەکانی هۆڵن، هەروەها نزیکەی 3000 ئافرەتی بیانی و نزیکەی 7000 منداڵی بیانیش هەن، مەبەستم ئەوەیە نە عێراقی و نە سوورین. ئەوان لە کەمپەکاندا زیندانی کراون."
پیتەر دەشڵێت: "ماوەی شەش ساڵە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێت دەبێت وڵاتان هاووڵاتیانی خۆیان بگەڕێننەوە، بێگومان دەبێت وابکەن، بەڵام ئەوان ئەمە ناکەن، بۆیە پێویستە بیر لە چارەیەکی جیاواز بکەینەوە."
ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند "ئەگەر منداڵەکان لەو کەمپانە دەرنەهێنین، ئەوانەی تەمەنیان 13 یان 14 ساڵییە، هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کەمپەکان دەریان دەهێنن. بۆ چوار ساڵ دەچنە سەنتەرەکانی چاکسازی، دواتر لە تەمەنی 18 ساڵی، دەچنە زیندانی گەورەکان لەگەڵ زیندانیانی داعش دەبن."
پیتەر باسی لەوەش کرد "هەسەدە زۆر هاوکار بوون لەسەر پرسی یەکگرتنەوەی منداڵان و ئافرەتانی ئێزیدی، بەڵام ئەوان منداڵەکان وەکوو سیاسەت بەکار دەهێنن. ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە ژمارەیەک لە وڵاتان هیچ نیازێکیان نییە داوای هیچ هاووڵاتییەکیان بکەنەوە."
گوتیشی: "دوای هەموو شتێک، ئەوەی داعش کردی، بەڵێ، تاوانی نێودەوڵەتی بوون. تاوان دژی مرۆڤایەتی. ئەوانە دەکرێت بەپێی یاسای خۆجێیی سزا بدرێن."