رووماڵ

عەلا ڕوکابی: عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە، ڕۆژانە ملیارێك دۆلار داهاتییەتی

سەرۆكی بزووتنەوەی ئیمتداد لە پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، سێ بۆ چوار  ڕۆژ جارێك، عێراق ملیارێك دۆلاری دەست دەكەوێت ئەگەر بەشێوەیەكی باش سوودی لێ وەبگرێت ئەوا دەتوانرێ ژیانێكی دیكە خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت، بەڵام هاووڵاتییانی عێراق هەست دەكەن تەنیا ژیانی بەرپرسەكان خۆشگوزەرانە.

شەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2024، عەلا ڕوكابی، سەرۆكی فراكسیۆنی ئیمتیداد لە پەرلەمانی عێراق، لە پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس24 ڕایگەیاند "ئێستە تاكەكان لە كۆمەڵگە بەدەست نادادپەروەرەی كۆمەڵایەتییەوە گرفتارن، تاكەكان هەست دەكەن بەرپرسان لە ژیانێكی دیكەی خۆشگوزرانی دەژین و ئەوانیش لە جیهانێكی دیكە دەژین، هەروەها عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە، لەبەرئەوەی سێ بۆ چوار ڕۆژ بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە ملیارێك دۆلار دێتە ئەو وڵاتەوە، ئەگەر بە شێوەیەكی باش سوودی لێ وەربگرێت، ئەوا دەتوانرا ژیانێكی باشتر دابین بكرێت، چونكە ئێمە باس لەكۆمەڵگەیەك دەكەین كە 60%ی گەنجن. ساڵانە لە زانكۆكان 300 هەزار دەرچووی هەیە و پێویستە ئێمە سوود لە هێزی مرۆیی وەربگرین."

شایانی باسە نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاواز بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن، کە 73%ـیان بۆ جاری یەکەمە بەشدار دەبن، هەروەها ژمارەیەک پانێل و وۆرکشۆپ لەبارەی دۆخی ئێستەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچن.