گرووپی G20 زیاتر لە 21 ملیار دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا تەرخان دەكات
ھەوڵی كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی كۆرۆنا دەدەن
K24 - ھەولێر
گرووپی G20، رایگەیاند، زیاتر لە 21 ملیار دۆلاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخانكرد.
بیست وڵاتە پیشەسازییەكەی جیھان ناسراو بە G20 لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد، وڵاتانی ئەندام لە گرووپەكە ھەوڵی كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بۆ بەسەر جیھان دەدەن و بۆ ئەم مەبەستەش بڕی 21 ملیار دۆلاریان بۆ پاڵپشتی لە رێكخراوی تەندروستی جیھانی تەرخانكردووە..
پێشتریش رێكخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاندووە، 60%ی بووجەی رێكخراوەكە لە لایەن ئەمەریكاوە دابیندەكرێت، لەگەڵ كێشانەوەی ئەمەریكا و بڕینی ئەو بڕە پارەیە، رێكخراوەكە دووچاری كێشەی زۆری دارایی دەبێتەوە.
بەھۆی ئەنجامنەدانی چاكسازی لە رێكخراوی تەندروستی جیھانی، بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، واشینتن لە رێكخراوەكە كێشایەوە، كە ساڵانە بە بڕی 400 ملیۆن دۆلار ھاوكاری ئەو رێكخراوەی دەكرد.