رووماڵ

سەرۆک وەزیران: مافمانە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبێنین بەڵام 250 هەزار بەرهەم دەهێنین

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت:  مافمانە 500 هەزار  بەرمیل نەوت بەرهەمبێنین بەڵام 250 هەزار بەرهەم دێنین، کاتێک پێمان دەڵێن بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە، ئەمە دادگەری تێدا نییە.

شەممە23ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە پانێلی خۆیدا و لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک گوتی: عێراق بڕێک بەرمیل نەوت ڕۆژانە بەرهەم دێنێت، ئەوان جۆرە کۆتایەکیان هەیە لە ئۆپێک، بەڵام لەهەمان کات ئەوەی ئێمە لە کوردستان بەرهەمی دێنین، زۆر کەمترە لەوەی ئێمە شایەنین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێژە سەدییەی کە پێویستە کوردستان بەرهەمی بێنێت، کەواتە با وای دابنێین عێراق زیاتر لە چوار ملیۆن یاخود 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت، ئێستا ژمارەکان گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە.

سەرۆک وەزیران گوتی:  مافمانە 500 هەزار  بەرمیل نەوت بەرهەمبێنین بەڵام 250 هەزار بەرهەم دێنین،  کاتێک پێمان دەڵێن بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە، ئەمە دادگەری تێدا نییە، چونکە بەرهەمهێنانی عێراق پێویستە بەپێی ئەو کۆتایە کەم بکرێتەوە کە نەخشەکاری بۆ کراوە بۆ عێراق، هەمیشە پێویست ناکات تێچووەکە و زیانەکەی بەر کوردستان بکەوێت.

وەزیری  سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت پێشبینی دەکات سەرەتای ساڵی داهاتوو نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەدات "لە قۆناغی یەکەمدا، 16 دۆلار بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت خەرج دەکرێت." 

سێشەممە، 19-11-2024، د. کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری بە وەکالەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، مانگانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار و تاوەکوو ئێستەش نزیکەی 20 ملیار دۆلار زیانی دارایی بە گەنجینەی عێراق گەیشتووە."

وەکوو ئەوەی وەزیری بە وەکالەتی سامانە سرووشتییەکان باسی کرد: "لە ماوەی ڕابردوودا وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندان ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ئیمزا کرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام خاڵێکی نێو یاسای بودجەی گشتیی عێراق کە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی بە شەش دۆلار لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ڕێگر بووە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و هەناردەکردنەوەی نەوت.