کەشناسی: باران بارین لە ناوچە جیاجیاکان دەست پێ دەکات
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن؛ لە ڕاگەیەندراوێکدا کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کەشی ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-11-2024، "ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە ئێوارەدا بۆ نیمچەهەور دەگۆرێت. لە شەودا کاریگەری شەپۆڵێکی باران بارین لەگەڵ کاریگەری بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات."
وەکوو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە "ئەمشەو باران بارین لە ناوچە جیاجیاکان دەست پێ دەکات بە شێوەی نمە باران، لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، سەرەتا لە درەنگانی شەودا بەفربارین لەسەر ناوچە سنوورییەکان دەست پێ دەکات" .
لەبارەی کەشی سبەینێ دووشەممەش، 25-11-2024، ئەوە خراوەتە ڕوو "کاریگەری شەپۆڵی باران بارین زیاتر دەبێت لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری و پلەکانی گەرما زیاتر ڕوو لە نزمبوونەوە دەکات و شەپۆڵێکی بەفربارین سەرجەم ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەی بەرزییان لە (2500) مەتر زیاترە بەفر دەبارێت."
سەبارەت بە باران بارین، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە هەندێ کات نمە باران و بارانی مامناوەند لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکان دەبارێت، لەگەڵ کاریگەری ئەم کەشە ناسەقامگیرییە پێشبینی زیادبوونی خێرایی با لە هەندێ کاتدا دەگاتە سەرووی (25)کم لە کاتژمێرێکدا".
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر: 18 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 16 پلەى سیلیزى
دهۆک: 17 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 19 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 17 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 17 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 6 پلەى سیلیزى
سۆران: 13 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 20 پلەى سیلیزى