بەغدا: ڕێگریی لە فرۆشتنی منداڵێک لەلایەن دایکییەوە کرا

درەنگانی شەوی یەکشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنیی ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی بەغدا ڕێگریی لە فرۆشتنی منداڵێک لەلایەن دایکییەوە کرا. دایکەکە بە نیاز بووە منداڵەکەی بەرانبەر بە 80 هەزار دۆلاری ئەمەریکایی بفرۆشێت.
ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، هێزێکی ئەمنیی پاش بەدواداچوونێکی ورد و چاودێریی، توانی ڕێگری لە ئافرەتێک بکات کە دەیویست منداڵەکەی بفرۆشێت. دایکەکە کەسێکی لەگەڵدا بووە، لەناو چێشتخانەیەکدا لە شەقامی 62 لە کەڕادە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە "دایکەکە و پێنج ئافرەتی دیکە و ئەو کەسەی کە ویستوویەتی منداڵەکە بکڕێت دەستگیر کراون، تاکوو ڕێکارە یاساییەکانیان تەواو دەبێت و دەخرێنە بەردەم دادوەر."