ترەمپ: لەگەڵ سەرۆکی مەکسیک بۆ ڕاگرتنی کۆچبەران ڕێککەوتووین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی مەکسیک گفتوگۆی کردووە و ڕازی بووە بەوەی کۆچی هاووڵاتیانی مەکسیکی بۆ ئەمەریکا ڕابگرێت.
ترەمپ ڕایگەیاند، کلۆدیا شەینبام، سەرۆکی مەکسیک لە میانەی گفتوگۆی نێوانمان ڕازی بووە بەوەی هاتنی کۆچبەران لە مەکسیکەوە بۆ ئەمەریکا ڕابگرێت.
بە گوتەی ترەمپ، ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی کاریگەر سنووری نێوان هەردوو وڵات دادەخات.
سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Truth Social سۆشیال پۆستێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی "گفتوگۆیەکی نایاب"ی لەگەڵ شەینبام کردووە.
دەشڵیت: "من ڕێککەوتم لەسەر ڕاگرتنی کۆچ لە مەکسیکەوە، بۆ ناو ئەمەریکا، هەروەها باسمان لەوە کرد کە دەتوانرێت چی بکرێت بۆ ڕاگرتن و فرۆشتنی بەرفراوانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ناو ئەمەریکا؟"
لای خۆیەوە شەینبام، ئاماژەی بەوەدا "لەگەڵ ترەمپ باسی ستراتیجیی کۆچبەری مەکسیکیان کردووە، بەڵام باسی داخستنی سنوورەکانی نەکردووە و لەگەڵ ئەوەش دا، شەینبام پەیوەندییە تەلەفوونیەکەی بە 'نایاب' وەسف کردووە."
هەروەها شەینبام گوتیشی: "ئێمە ڕێککەوتووین لەسەر ڕاگرتنی کۆچی کۆچبەران، نەک داخستنی سنوورەکان."
ئاماژەی بەوەش کردووە "جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەڵوێستی مەکسیک داخستنی سنوورەکان نییە، بەڵکو دروستکردنی پردێکە لە نێوان حکوومەت و گەلەکاندا."
گفتوگۆی نێوان ترەمپ و شەینبام دوای ئەوە هات، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، باج بە ڕێژەی 25% لەسەر هاوردەکردنی مەکسیک و کەنەدا و 10% لەسەر کاڵا لە چینەوە دەسەپێنێت.
ترەمپ لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "ئەم باجە تا ئەو کاتەی ماددە هۆشبەرەکان بە تایبەت فێنتانیڵ و هەموو بێگانەکانی نایاسایی واز لە داگیرکردنی وڵاتەکەمان دێنن، کارا دەمێنێتەوە!"
لەمبارەیەوە سەرۆکی مەکسیک ڕایگەیاند، مەکسیک وەڵامی دەداتەوە "ئەگەر ترەمپ پێشنیازەکەی جێبەجێ بکات بۆ سەپاندنی باج لەسەدا 25 لەسەر هەموو کەلوپەلەکان، هەنگاوێک کە حکوومەتەکەی هۆشداریی داوە دەتوانێت 400 هەزار هەلی کار لە ئەمەریکا نەهێڵێت و نرخ بۆ بەکارهێنەرانی ئەمەریکی بەرز بکاتەوە."
شاینبام، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەگەر ئەمەریکا باجەکان بسەپێنێت، مەکسیکیش باجەکان بەرزدەکاتەوە." هەروەها گوتیشی: "وڵاتەکەی خۆی ئامادە دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی بازرگانی تۆڵەسەندنەوەی ئەگەری لە دژی گەورەترین هاوبەشی بازرگانی خۆی."