سەرما پرۆسەی خوێندنی لە پێنج پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان ڕاگرت
بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی باکووری کوردستان و تورکیای گرتووەتەوە، پرۆسەی خوێندنی قوناغی سەرەتایی لە پێنج پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کرایە پشوو.
لە هەر یەک لە پارێزگاکانی وان، ئەرزنگان و ئەردەخانی باکووری کوردستان و هەردوو پارێزگای ئۆردو و ئارتڤینی تورکیا بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی، بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و فێرکردنی پارێزگاکان، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی قۆناغی سەرەتایی، پێنجشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2024، کراوەتە پشوو.
بڕیارەکە، سەنتەری شارەکان و سەرجەم گوند و ئاواییەکانی دەوروبەریشیان دەگرێتەوە، هەروەها بەهۆی ئەو بەفرەوە ڕێگەی نێوان چەندین گوند و ناوچەی دیکە داخراوە و هاتوچۆ پەکی کەوتووە، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکاندا.
هەروەها بەڕێوبەرایەتییەکانی هەر پێنج پارێزگاکە بڵاویان کردووتەوە، ئەم ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر بەهۆی ئەوەیە کە ئەو بەفرەی باریوە کاریگەری کردووتە سەر هاتوچۆ و سەلامەتیی قوتابیان دەخاتە مەترسییەوە، هەربۆیە ئیدارە خۆجێییەکان لەبەر خراپیی دۆخی کەشوهەواوە پێویستە ئەم ڕیکارانە بگرنەبەر و هاوکات لەگەڵ قوتابیانی بنەڕەتی، کارمەندانی دووگیان و خاوەن پێداویستی تایبەتیش بۆیان هەیە نەچنە سەر کارەکانیان و بۆ ئەوانیش پشووی فەرمییە.
هەر لە بارەی داخرانی ڕێگەکانی هاتوچۆوە، پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، تیمەکانی ئیدارەی تایبەتی پارێزگاکان بەردەوامن لە کردنەوەی ڕێگە داخراوەکانی گوندەکان و نێوان شارەکان.