دوای ڕەشبگیرییەکەی سوپای عێراق گوندی حەفتەغار بەرەو چۆڵبوون دەچێت

دوای ڕەشبگیرییەکەی دوێنێی سوپای عێراق لە ئاوایی مەنسووری حەفتەغار، ژمارەیەک خێزانی کورد بڕیاریان دا گوندەکە چۆڵ بکەن.

لەمبارەیەوە مەلاحەسەن دووزی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەهۆی بێزارکردنی خەڵک و درووستکردنی تۆمەتی بێبنەما بۆ هاووڵاتیان و جووتیارانی کورد لەسنووری حەفتەغار، 20 خێزانی کورد بڕیاریان داوە گوندەکە چۆڵ بکەن و بەرەو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کۆچ بکەن."

مەلاحەسەن هۆشداری ئەوەی دا "ئەگەر کێشەکانی سنوورەکە چارەسەر نەکرێن و سنوورێک بۆسوپای عێراق دانەنرێت، دانیشتووانی گوندەکانی دیکەش کۆچ دەکەن و سنوورەکە بۆ عەرەبی هاوردە چۆڵ دەکرێت، داواشی لەبەرپرسانی کورد کرد فریای خەڵک بکەون."

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، "ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، بە تەلەفۆن پەیوەندی بە دانیشتووانی گوندی مەنسوور لە حەفتەغار کردووە و پێی گوتوون: "لە گوندەکەتان بمێننەوە و هەفتەی داهاتوو سەردانتان دەکەم."

ڕۆژی چوارشەممە 27-11- 2024، محەممەد ئیبراهیم، ئەنجوومەنی گوندی مەنسوور بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند: "نزیک کاتژمێر 5ـی ئێوارەی چوارشەممە، هێزێکی سوپای عێراق بە سەرپەرشتیی ئامر فەوجی 2ـی لیوای 87ـی مغاویری سەر بە فەرماندەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەددین، هەڵیانکوتایە سەر گوندی مەنسوور لە ناوچەی حەفتەغار بەشێوەی هەڕەمەکی و بەبێ بڕیاری دادوەر 10 هاووڵاتی گوندەکەیان دەستگیر کرد."

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا "ئەو هاووڵاتییانەی کە دەستگیر کراون، ژمارەیەکیان جووتیارن و لەسەر زەوییەکانی خۆیان بوون ژمارەیەکیشیان شوان بوون، یەکێک لە دەستگیرکراوەکانیش پێشمەرگەیە."