سوپای عێراق 10 هاووڵاتی کوردی دەستگیر کرد

لە گوندی مەنسوور لە سنووری حەفتەغار سەر بە شارۆچکەی داقوق، هێزێکی سوپای عێراقی هەڵمەتێکی ڕەشبگیری کرد و 10 هاووڵاتی گوندەکەی بە هەڕەمەکی دەستگیر کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی تشرینی دوومەی 2024، محەممەد ئیبراهیم، ئەنجوومەنی گوندی مەنسوور بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند: نزیکی کاتژمێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێکی سوپای عێراق بە سەرپەرشتیی ئامر فەوجی 2ـی لیوای 87ـی مغاویری سەر بە فەرماندەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەددین، هەڵیانکوتایە سەر گوندی مەنسوور لە ناوچەی حەفتەغار بەشێوەی هەڕەمەکی و بەبێ بڕیاری دادوەر 10 هاووڵاتی گوندەکەیان دەستگیر کرد.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، ئەو هاووڵاتییانەی کە دەستگیر کراون، ژمارەیەکیان جووتیارن و لەسەر زەوییەکانی خۆیان بوون ژمارەیەکیشیان شوان بوون، یەکێک لە دەستگیرکراوەکانیش پێشمەرگەیە.

 سەبارەت بەهۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئەنجوومەنی گوندی مەنسوور ئەوەی ئاشکرا کرد، گوایە سێ هاوڵاتی گوندەکە لە شوێنێکی دوور لە گوندەکە ڕاوی ئاژەڵیان کردووە، کە لە ڕووی ئەمنییەوە قەدەغەیە.

محەممەد ئیبراهیم، گوتیشی: ئەوتۆمەتە بێ بنەمان و هیچ پاساوێک هەڵنگارێت بۆ ئەنجامدانی ڕەشبگیری، هەروەها کردەوەکەی سوپای عێراقیشی شەرمەزار کردوو داوای کرد بەپەلە دۆخ و گوزەرانی سنوورەکەیان ئاسایی بکرێتەوە.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەو هێزەی لەوێن بە فەرمانی عەرەبە هاوردەکان دەجوڵێنرێن و لە بەرژەوەندیی ئەوان هاووڵاتی و جووتیاری کورد دەچەوسێننەوە. داواشی لە سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی سوپاسی عێراق دابنێن.

ناوی بەشێک لە دەستگیرکراوەکان:

ئەرشەد عادل

 محەممەد جوامێر جەبار

 محەممد ئازاد

دانەر محەممەد ئەحمەد