زیاتر له‌ ساڵێكه‌ گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی بۆ توركیا ڕاگیراون

وەزیرى دەرەوەى تورکیا لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەى بەوەدا، باشتربوونى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سلێمانى لەسەر بنەماى پچڕانى پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ (پەکەکە)، هەر ئەو هۆکارەش وای کردووە تورکیا زیاتر لە ساڵ و نیوێکە گەشتى فڕۆکەخانەى سلێمانى بۆ وڵاتەکەى ڕابگرێت.

سلێمانى هێشتا لەژێر سزا و هەڕەشەکانى تورکیا دایە، هاووڵاتییانى ئەم شارە بێ ویست و خواستى خۆیان تێکەڵ بە ململانێەکى سیاسی کراون کە هیچ سوودێکى بۆیان نییە، بەڵکو زیانی زۆر بەر بازرگان و کاسبکاران ئەم شارە کەوتووە، تورکیا زیاتر لە ساڵ و نیوێکە گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرتووە، ئەو سزایەش کاریگەرى زۆرى نەرێنی لەسەر کارى نوسینگەکانی گەشتیارى کردووە.

سالار تۆفیق، خاوەن نووسینگەى گەشتیارى، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئێمە ساڵانی پێشووتر کە گشتەکان نەوەستێنرابوو بۆ ئیستانبوڵ پاکێجمان بۆ سەری ساڵ هەبوو، بەڵام ئەمساڵ و ساڵانی پێشووتریش هیچ پاکێچێکمان نەبووە، ئەوانەی هەمانبووە ناردوومانە بۆ هەولێر.

فڕۆکەخانەی سلێمانی تەنیا شوێنى هاتووچۆى هاووڵاتییان نەبوو، بەڵکو دەروازەیەکى گرنگى ئاڵوگۆڕى بازرگانىی تورکیا و سلێمانى بوو، کە ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان هەرێم و تورکیا ساڵانە 10ملیار دۆلارە و بەشێکى بەر سلێمانى دەکەوت، بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە کەمى کردووە بەهۆى ڕاگیرانى گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی.

لای خۆیەوە عەتا محەممەد، جێگرى سەرۆکى یەکێتى هاوردە و ناردنکاران، بە کوردستان24ـی گوت: "ئێمە زیانمەندبووین، زیانەکە لە چیدایە لەوە دایە کە بازرگانەکانی ئێمە لەبری ئەوەی لەکەرکووک و لە هەولێر سەرکەوێتە ناو فڕۆکە، لە سلێمانی بێت باشترە، یان لە تورکیاوە بێتەوە ئێرە یان لەووڵاتانی ترەوە نەچێتە کەرکووک نەچێتە هەولێر یەکسەر بێتە سلێمانی کارئاسانییە بەڕاستی قەیرانێکی گەورەی دروست کردووە".

کۆتایی ئەمساڵ ئەو وادەیە تەواو دەبێت کە تورکیا بۆ ڕاگرتنی گەشتەکانی فرۆکەخانەی سلێمانی بۆ وڵاتەکەی و بە پێچەوانەشەوە دیاری کردووە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە تورکیا جارێکی دیکە سزای سلێمانی بداتەوە و هیچ فڕۆکەیەک بەم زووانە لە سلێمانییەوە گەشتی تورکیا نەکات، هەموو ئەمانەش بە هۆکاری ئەوەن سیاسەت و بەرژەوەندەی حزبی تێکەڵ بە ئابووری سلێمانی کراون.