ژاپۆن ئامێرێکی دروست کردووە وەک جل مرۆڤ دەشوات
وا دیارە سەردەمی سەرشۆرکە و حەمام بەسەر دەچێت و ئامێری مرۆڤشۆر جێگەیان دەگرێتەوە. ئەندازیارە ژاپۆنییەکان ئامێرێکیان بە تەکنۆلۆجیای زیرەکیی دەستکرد دروست کردووە وەک ئامێریی جلشۆر، مرۆڤ دەشوات! نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەو ئامێرە، باری دەروونیی مرۆڤەکەش ڕەچاو دەکات، جگە لەوەش ئیدی پێویستت بە سابوون نییە بۆ خۆشۆردن.
ئامێرەکە لە شێوەی هێلکە، یان کابینەی فڕۆکەی شەڕکەر دروست کراوە و بڕیارە مانگی نیسانی داهاتوو لە پیشانگەی ئۆساکا کانسای، نیشان بدرێت.
وەک دەگوترێ، ئامێرەکە تا نیوەی پڕ دەکرێت لە ئاوی گەرم و کەسەکە تێیدا دادەنیشت، ئەمجا هەستیارە ئەلکترۆنییەکان باری دەروونیی کەسەکە و پلەی گەرمیی لەش و لێدانی دڵی دەخوێننەوە و بە گوێرەی ئەوە کرداری شۆردنەکە دەست پێ دەکات.
داڕیژەرانی ئامێرەکە شانازیی بەوەوە دەکەن کە خۆشۆردن و وشککردنەوە بەم ئامێرە تەنها پازدە دەقیقە دەخایەنێت.
سەرچاوە/ ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی