نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ لە سووریا دەکات

ماڵپەڕی فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئادەم عەبدولمەولا، ڕێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و پێکدادانەکانی شاری حەلەب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریای کرد و داوای دیالۆگی نێوان لایەنەکانی کرد.
لە بەیاننامەیەکی عەبدولمەولادا هاتووە "پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی حەلەب کە لە 27ـی ئەم مانگەوە دەستی پێ کرد، بووە هۆی لە کوژرانی خەڵکی مەدەنیی بێتاوان، لەنێویاندا ژن و منداڵ و خاپوورکردنی ژێرخانی ئابووری و ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان."
عەبدولمەولا دەڵێت: "پەرە سەندنی شەڕی ئەم دواییە و پێکدادانەکانی، لە کاتێکدایە خەڵکێکی بێشومار، کە لە ڕابردوودا تووشی زەبر و ئاوارەبوون بوون، ناچارن جارێکی دیکە هەڵبێن و ماڵ و بژێوی ژیانیان بەجێ بهێڵن."
ناوبراو داوای لە هەموو لایەنەکانی ململانێ کرد "دەستبەجێ شەڕ و پێکدادانەکان ڕابگرن و لە پێشینەی کارەکانیان پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و سەلامەتی کرێکاران بێت."
جەختیشی کردەوە، نابێ گەلی سووریا ئازاری زیاتر بچێژن، داواشی کرد دەرفەت بە دیالۆگ بدرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد "قەیرانی سووریا تا ئێستاش یەکێکە لە سەخترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان، هەروەها دوای گەڕانەوەی زیاتر لە نیو ملیۆن پەنابەر لە لوبنانەوە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە، زیاتر لە 16 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەبووە."
هۆشداریشی دا لەوەی "ئەم توندوتیژییە زیان بەخەڵکی دەگەیەنێت و ناچاریان دەکات واز لە ماڵوحاڵیان بێنن و دووبارە ئاوارەی وڵاتان بن، پێویستە بەپەلە ڕزگار بکرێن."
جەختیشی لەوە کردەوە "کۆمەڵگەی مرۆیی لە پابەندبوونی خۆی لە دابینکردنی یارمەتی زیان لێ کەوتووەکان، بەردەوامە. هەروەها تیمی کاری مرۆیی لە سووریا پابەندە بە مانەوە و پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییە گرنگەکان بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی زیان لێ کەوتووی سووریا."
هەروەها داوای پابەندبوونی ڕژد بە یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و مافەکانی مرۆڤ کرد.