سوپای ڕووسیا شارۆچکەکانی پیترۆڤکا و ئیلیینکا لە دۆنیتسک کۆنترۆڵ کرد

سوپای ڕووسیا کۆنترۆڵکردنی دوو شارۆچکەی نوێی لە ناوچەی دۆنیتسکی ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕاگەیاند، هەروەها سووپا بەردەوامە لە پێشڕەوییەکانی لە پارێزگای کورسکی ڕووسیا.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند ، سوپای ڕووسیا شارۆچکەکانی پیترۆڤکا و ئیلینکای لە کۆماری گەلی دۆنیتسک ڕزگار کردووە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە، لە ئەنجامی هەڵمەتی یەکەکانی گرووپی باشووری ڕووسیا، توانیان گوندی ئیلینکا لە کۆماری گەلی دۆنیتسک ڕزگار بکەن و هەروەها هێزەکانی ئۆکرانیا نزیکەی 380 سەربازیان لەم شەڕەدا لە دەست داوە.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: یەکینەکان  شارۆچکەی پیترۆڤکایان لە کۆماری گەلی دۆنیتسک ڕزگار کرد.

ئاماژە بەوەش کراوە هێزەکانی ڕووسیا،  لە چەند ناوچەیەک لە دۆنیتسک زەبریان لە هێزەکانی ئۆکرانیا داوە و هەروەها 11 هێرشی ئۆکرانیا بەرپەرچدراوەتەوە، زیاتر لە 470 سەربازی ئۆکرانی کوژراون.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، سوپای ڕووسیا بەردەوامە لە پێشڕەوییەکانی لە پارێزگای کورسک، هەروەها یەکەکانی سوپای ڕووسیا چەند ناوچەیەک لە پارێزگای سنووری لەگەڵ ئۆکرانیا، بەشێکی بەرچاوی کۆنترۆڵ کردووە.