لێژنەی ئەمنی سلێمانی:  بڕیاری دەستبەسەردا گرتن و قەدەغە کردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە

سلێمانی
سلێمانی

لێژنەی ئەمنی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: بڕیاری دەستبەسەردا گرتن و قەدەغە کردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت.

سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، لێژنەی ئەمنی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە، بڕیاری دەستبەسەردا گرتن و قەدەغە کردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت.

هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا، لێژنەی ئەمنی سلێمانی دەڵێت: لە چەند پەیج و ماڵپەر و کەناڵێکی راگەیاندن، ھەواڵێکی ناڕاست و بەمەبەست و چەواشەکارانە بڵاو کراوەتەوە کە گۆڕانکاری بەسەر بڕیاری دەستبەسەردا گرتن و قەدەغە کردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان کراوە، یاخود بڕیارەکە گۆرانگاری بەسەر ھاتووە و ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا ناگرێتەوە .

دەڵێت: ئێمە وەک لیژنەی ئەمنی سلێمانی و  بۆ ھەموو لایەکی رادەگەیەنین کە ئەم ھەواڵە دوورە لە راستییەوە و بەھیچ جۆرێک ھیچ پاشگەز بوونەوە و گۆڕانگاریی بەسەر بڕیارەکەماندا نەھاتووە، چونکە بڕیارێکی سەرپێیی نەبووە و زۆر بەووردی دیراسە کراوە، کۆدەنگی و ھەماھەنگی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەسەرە و بەتەواوی نیەتمانە کۆتایی بە پاشاگەردانی ویاساشکێنی وشێواندنی سیمای شارستانی و ئارامی شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری بێنین ،  زۆر جدی و سوورین لەسەر جێ بەجێ کردنی ھەر بڕیارێک.

دووشه‌ممه‌، 2ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییه‌كی بڵاو كردەوه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد، (ئۆتۆمبێل)ـی بێسەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جامڕەش بە شێوەیەکی نایاسایی خەریکە دەبێتە دیاردەیەک لەسەر شەقامەکانی شاره‌كه‌ و ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ناووناوبانگی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی دروست ده‌كات، هاوكات لە ڕووی ئەمنی و یاسایی و تاوانکارییەوە کاریگەری خراپ و لێکەوتەی مەترسیداری هەیە.