دیندار زێباری: توانراوە 42 هەزار فایل لە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش دیکۆمێنت بکرێت
لە کۆنفرانسی سەکۆیەک بۆ پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە، لە هەرێمی کوردستان پاراستنی ئازادییە گشتییەکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، دەشڵێت: توانراوە 42 هەزار فایل لە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش بەشێوەی دیجیتاڵ دیکۆمێنت بکرێت.
سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە (76)ـەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەى جیهانی مافەکانی مرۆڤ نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆنفرانسی سەکۆیەک بۆ پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدا.
لە کۆنفرانسەکە د. دیندار زێباری ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی گرنگی داوە بە مافەکانی هاووڵاتیان و ئازادییەکانی بە گشتی، پەسەند کردنی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) ئاماژەی گرنگیدانە بەم مەلەفە، هەروەها گوتی: بەپێی هەنگاوەکانی پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە لە ئایاری 2024 ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان بەرزبوونەتەوە بۆ (171) و ڕاسپاردە جێبەجێنەکراون کەم بوونەوە بۆ (127)، ئەو راسپاردانەی لە قۆناغی جێبەجێکردنیشدان بوونە (102)، رێژەی جێبەجێکردنی راسپاردەکانیش بەم شێوەیە گۆڕانکاری بەسەردا هاتوو، راسپاردە جێبەجێکراوەکان (42.8%)، ئەوانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان (25.5%) بەمەش پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیووە.
دواتر باسی لە پێشکەوتنەکانی حکوومەتی هەرێم کرد لە نەهێشتنی گەندەڵی و بەرەنگار بوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ و گوتی: لە ساڵی 2023دا، (140) دۆسیەی گەندەڵی تۆمارکراون و لە نێوانیاندا (48) دۆسیە یەکلا کراونەتەوە و (31) گەڕێنراونەتەوە دادگا، کۆی گشتی سزادراوان لە ساڵی 2023 لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان (89) سزادراون لە پلە و پۆستی جیاجیا، لە ساڵانی 2022 و 2023نزیکەی (275) ملیۆن دۆلار خەرجیی ناپێویست کەمکراوەتەوە لە رێگەی دانانی سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە رۆژی 13/3/2024 یەکەم ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێکردنی ستراتیژی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکرا و لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ نەهێشتنی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە هەرێم (8) نووسینگە و شەڵتەرێکی تایبەت بە قوربانیانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ کراوەتەوە و لە ساڵی 2023دا (294)حاڵەت تۆمارکراون، تیمە تایبەتەکان سەردانی (196) کۆمپانیایان کردووە، هەروەها (13) کۆمپانیا دراونەتە دادگا، (2.500) کەسی بیانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە، بۆ مەبەستی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش ودادگایی کردنی تیرۆریستان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) توانراوە زیاتر لە (42) هەزار فایل، کە دەکاتە (408.540) لاپەڕە لە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش دیکیۆمێنت بکرێت بەشێوەی دیجیتاڵ، لە لایەکی دیکەوە حکوومەت بەردەوام بووە لە رزگار کردنی رفێندراوان، تا ئێستا لە کۆی (6.417) رفێندراو توانراوە زیاتر لە (3.579) کەسیان رزگار بکرێن، لەگەڵ ئەوەش بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت هاوکاری دارایی بەسەر زیاتر لە (3.500) ڕزگاربووی دەستی داعش دابەش دەکرێت و پرۆسەکەش بەردەوامە.