ئەمەریکا: ژمارەیەک تانک و سەکۆی هەڵدانی مووشەکمان لە سووریا لەنێو برد
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لەناوبردنی ژمارەیەک "هەڕەشە"ـی لە نزیک ڕووباری فورات لە سووریا ڕاگەیاند.
چوارشەممە، 04-12-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئـاماژەی بەوە دا، هێزەکانیان بە شێوەیەکی سەرکەتووانە ژمارەیەک چەک و سیستەمی مووشەکی کە "سەرچاوەی هەڕەشە بوون" لە نزیک ڕووباری فورات لە سووریا، لەنێوبردن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو کەرستانەی لەنێوبراون بریتین لە: ژمارەیەک سەکۆی هەڵدانی مووشەک، تانکی تی 64، هەروەها ژمارەیەک زرێپۆش. سێنتکۆم ڕوونیشی کردووەتەوە، هێرشەکەیان "بەرگریی لەخۆکردن بووە، چونکە هەڕەشە لەسەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو ناوچەیە هەبووە".
سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سووریا "نەگۆڕە" و سوورن لەسەر لەناوبردنی تەواوەتی داعش؛ هەروەها هاوکارییەکانیان بۆ هاوبەشەکانیان لە سووریا پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ئەو وڵاتەوە نییە کە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا ڕوودەدەن.
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا دووپاتی کردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە پەیوەندی و بەدواداچوون بۆ دۆخی ئێستای سووریا.