مەرجەکانی بەشداریكردنی كۆمپانیاكان بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2025 ڕاگەیەندرا

ڕۆژی چوارشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی لیژنەیەک کە پێکهاتبوو لە نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی دادوەران و ڕێکخەری پرۆسەی تیروپشکی ناوی حاجیان و نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئاینی تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە کرا کە بەنیازن گەشتی حەج بۆ ساڵی 2025 بکەن.

شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی: ژمارەی ئەوانەی تیروپشکیان بۆ کراوە، بریتیی بوون لە 117 هەزار و 120 هاووڵاتی، هەروەها توانراوە پشکی ئەم ساڵی حاجیانی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا پشکی حاجیانی هەرێم 4685 پشکمان هەبوو، بەڵام ئەمساڵ بووەتە 5120 پشک.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2-12-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عومرەی کوردستان مەرجەکانی بەشداری کۆمپانیاکانی بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2025 بڵاو کردەوە، ئەویش مەرجەکان بریتین لە :-

1- تەنها ئەو كۆمپانیانەی كە لە بواری حەج و عومرە یان عومرە كار دەكەن مافی پێشكەشكردنی داواكاریان دەبێت.

2- كۆمپانیاكانی بواری عومرە بۆیان هەیە داواكاری پێشكەش بكەن بە مەرجێك هەركۆمپانیایەك لە ماوەی ساڵی 2024، هەشت جار گەشتی عومرەی کردبێت، كە بە ڕێژەی 10% بەشداردەبن لەپرۆسەی حەج بە لەبەرچاوگرتنی گشت مەرجەكان .

3- كۆمپانیاكانی بواری حەج وعومرە یان عومرە ئەگەر ساڵێك بە سەر دامەزراندنیان تێپەڕ نەبووبێت، ناتوانن بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2025 داواكاری پێشكەش بكەن.

4- تیروپشك بە شێوەیەكی ئاشكرا لە هەولێر دەکرێت، بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندار و خاوەن كۆمپانیاكان.

5- ئەو كۆمپانیانەی كە داواكاری پێشكەش دەكەن، پێویستە پاكانەیان هەبێت.

6-  پێویستە كۆمپانیا پشتگیری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە سنوری پارێزگای خۆی بهێنێت .

7- پێویستە كۆمپانیا پشتگیری كۆمەڵەی كۆمپانیاكان بێنێت كە بەردەوامە لە كاركردن.

8-  نابێت كۆمپانیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوو سزای كارگێری درابێت تاكوو وادەی تیروپشك .

9 - پێویستە تا كاتی ئەنجامدانی تیروپشك داواكار هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبێت كە ببێتە گرفت لە بەردەم خزمەتكردنی حاجیان.

10 - نابێت داواكار لە ساڵی ڕابردوو لە لایەن دادگاكان و دەزگاكانی نەهێشتنی تاوان هیچ سزایەكی یاسایی درابێت.

11 - بەرێوەبەری ڕێگەپێدراوی كۆمپانیا یان هاوبەشەكەی، یەكێكیان كە گشت مەرجەكانی تێدابێت، دەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات بەمەرجێك ڕێژەی هاوپشكەكەی لە (25%) كەمتر نەبێت.

12 - نابێـت تەمەنی داواكار لە 63 ساڵ زیاتر بێت بۆ گەشتی ئاسمانی.

13- هەر كۆمپانیایەك ئارەزووی بەشداركردنی هەبێت لە تیروپشكی حەجی ساڵی '2025 ز- 1446 ك' دەبێت بەڵێننامە لە فەرمانگەی دادنووسی بدات كە پابەند دەبێت بە گشت ڕێنماییەكان بە پێچەوانەوە خۆی بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر هەر ڕێكارێكی یاسایی و كارگێری كە لە بەرامبەری دەكرێت .

14- دوای ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لە لایەن لێژنەی تایبەت بە هەڵسەنگاندن، داواكار بە سەركەوتوو هەژمار دەكرێت ئەگەر  60%ـی بە دەست بێنێت، ئینجا مافی بەشداری لە تیروپشك دەبێت.

15 - لێژنەیەك پێك دێت لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومرەی هەرێمی كوردستان و بەئەندامیەتی لێپرسراوی هەر نووسینگەیەك لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان تایبەت بە سنوری خۆیان بۆ چاوپێكەوتن و تیرو پشك.

16 - سەبارەت بەو كۆمپانیانەی كە بە ڕێگەی ووشكانی هاووڵاتیان دەگوازنەوە بۆ ووڵاتی عەرەبستانی سعودیە نابێت تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاتر بێت .

17 - پێویستە كۆمپانیاكان سەرجەم مامەڵەكان بۆ مەبەستی سەرەوە لە ڕێگای نووسینگەی حەج وعومرەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی سنووری خۆیان پێشكەش دەكەن لە 5/12/2024 تاكوو 19/12/2024 بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بەرز دەكرێتەوە.

18 - پێویستە داواكار هەموو بەڵگەنامەكان لەناو فایلێكی تایبەت پێشكەش بە نووسینگەی حەج و عومرەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی سنووری خۆیان بكەن و لە ئەگەری هەر كەم و كوڕییەك مافی بەشداریكردنی نابێت.