ئۆپۆزسیۆنی کۆریای باشوور داوا لە پەرلەمان دەکات متمانە لە سەرۆکی وڵات وەربگرێتەوە

دانیشتنێکی پەرلەمانی کۆریای باشوور
دانیشتنێکی پەرلەمانی کۆریای باشوور

پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی كۆریای باشوور له‌ یاداشتێكدا كه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌یان كردووه‌، داوا ده‌كه‌ن  دوای ئەوەی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌  "باری له‌ ناكاو"ـی سه‌ربازی ڕاگەیاند، متمانه‌ی لێ وه‌ربگیرێته‌وه‌.

چوارشه‌ممه‌، 4ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، شه‌ش پارتی ئۆپۆزسیۆنی كۆریای باشوور یاداشتێكیان پێشكه‌شی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یان كرد و داوایان كرد متمانه‌ له‌ یۆن سۆك یۆل، سه‌رۆكی وڵات وه‌ربگرێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی "باری له‌ ناكاو"ـی سه‌ربازی ڕاگه‌یاند و دواتر لێی پاشگه‌ز بووه‌وه‌.

پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی كۆریای باشوور سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان به‌ "پێشێلكردنی ده‌ستوور" تۆمه‌تبار كردووه و له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌یان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، داواكارییه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاوه‌كوو یۆن سۆك یۆل ڕووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ی دادگه‌ نه‌بێته‌وه‌.

سێشه‌ممه‌، 3ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، یۆن سۆن یۆل، سه‌رۆكی كۆریای باشوور له‌ میانی گوتارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا "باری له‌ ناكاو"ـی سه‌ربازی  له‌ وڵاته‌كه‌ی ڕاگه‌یاند و هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، هه‌نگاوێكی جیددییه‌ بۆ پارستنی وڵاته‌كه‌یان له‌ هێزه‌ كۆمۆنیسته‌كان.

یۆن سۆن یۆل، له‌ گوتاره‌كه‌یدا ورده‌كاری زیاتری سه‌باره‌ت به‌ ڕێكار و ڕێوشوێنه‌كانی باری له‌ ناكاو ئاشكرا نه‌كرد. هاوكات ئاماژەی بە پێشنیازێکی "پارتی دیموکراتی" ئۆپۆزسیۆن کرد کە زۆرینەی پەرلەمانی ئه‌و وڵاته‌ پێك ده‌هێنێت، بۆ دوورخستنەوەی گه‌وره‌ داواکارانی گشتی و ڕەتکردنەوەی پێشنیازی بودجەی حکوومەت.

یۆن، لە گوتارەکەیدا باسی له‌وه كرد، بۆ پاراستنی کۆریای باشووری لیبراڵ، لە هەڕەشەکانی هێزە کۆمۆنیستەکان لە کۆریای باکوور و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌یاره‌ ناوخۆییه‌كانی وڵات، باری نائاسایی یاسای سەربازی ڕادەگەیەنێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، به‌ پێی هه‌واڵێكی "ئاژانسی هەواڵی کۆریای باشوور "یۆنهاپ" کیم یۆنگ هیون، وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور، دوای گوتاره‌كه‌ی یۆن، فه‌رمانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ په‌له‌ی فەرماندە باڵاکانی وڵاته‌كه‌ی كرد و به‌ پێویستی زانی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی وریاتر و چاوكراوه‌تر بن.

ئاژانسی هەواڵی کۆریای باشوور سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشابوو، سه‌رجه‌م چالاكییه‌ سیاسییه‌كانی له‌ كۆریای باشوور قه‌ده‌غه‌ كران و په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ش داخرا و سوپا چووه‌ته‌ ناو باڵه‌خانه‌كه‌ی.

سێشه‌ممه‌، 3ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، پارتی دیموكراتی ئۆپۆزسیۆنی سه‌ره‌كی حكوومه‌تی كۆریای باشوور له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند‌ "به‌م زووانه‌ تانك و زرێپۆش و سه‌ربازان به‌ چه‌ك و شمێر ده‌ست به‌سه‌ر وڵاتدا ده‌گرن."

پارتی دیموكراتی ئۆپۆزسیۆن دوای ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌، په‌رله‌مانتاره‌كانی خۆی، كه‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مان پێك ده‌هێنن، ڕاسپارد، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی وڵات ڕه‌ت بكه‌نه‌وه‌ و په‌سندی نه‌كه‌ن.

له‌ لای خۆیه‌وه‌، لی جێی میونگ، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی ئۆپۆزسیۆن ڕایگه‌یاند، ڕاگه‌یاندنی باری له‌ ناكاوی سه‌ربازیی ته‌واو ناده‌ستوورییه‌ و وێڕای سه‌ركۆنه‌كردنی، به‌ هه‌نگاوێكی پێچه‌وانه‌ی خواستی گه‌لی كۆریای باشوور له‌ قه‌ڵه‌م دا و پێی وایه‌ هیچ بیانوویه‌ك بۆ ئه‌م بڕیاره‌ نییه‌.

سێشه‌ممه‌، 3ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، ئاژانسی هەواڵی کۆریای باشوور "یۆنهاپ"، بڵاوی كرده‌وه‌، حكوومه‌تی كۆریای باشوور "باری له‌ ناكاو"ـی سه‌ربازی كه‌ له‌ لایه‌ن یۆن سۆن یۆل، سه‌رۆكی وڵاته‌وه‌ ڕاگه‌یه‌ندرابوو، هه‌ڵگرت و بارودۆخی وڵات ئاسایی كرایه‌وه‌.

یۆنهاپ ڕوونیشی كرده‌وه‌‌، یۆن سۆن یۆل، بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی فه‌رمانده‌یی باری له‌ ناكاوی سه‌ربازی داوه‌، هاوكات بڕیاری داوه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ كاتێكی نزیكدا كۆ ببێته‌وه‌.