ئەحمەد ڕەحال: ئەسەد هەموو ڕێگەچارەکانی ڕەت کردەوە و پشتی بەشەڕ بەست

ئەفسەرێکی پێشووی سووپای سووریا ئاماژە بەوە دەکات، بەشار ئەسەد تەواوی ڕێگەچارەکانی ڕەت کردەوە و پشتی بە چارەی شەڕ بەست.

شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەحمەد ڕەحال، عەمیدی پێشووی سووپای سووریا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، لەماوەی 13 ساڵی شۆڕشی سووریا لەوسەر بۆ ئەو سەری سووریا، بەهەموو هێزی خۆیان هەڵیاندا لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد چارەسەرێکی سیاسیی بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی خوێنی خەڵکی نەڕژێت، بەڵام ڕژێم هەموو ئەو ڕێگە چارانەی ڕەت کردووەتەوە و پشتی بە چارەسەری شەڕ بەست، ئەمە وای  کرد شەش ملیۆن سووری ئاوارەی سنووری تورکیا بن، هەشت ملیۆن سووریش بۆ وڵاتانی ئەوروپا ئاوارە بن، دەڵێت: ڕژێمی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی لە حزبولڵا و ئێران چارەسەری سیاسییان ڕەت کردووەتەوە و نەیانهێشتووە خەڵک بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، ئامادە نین هیچ چارەسەرێک بۆ پرسی سووریا بدۆزنەوە، تەنانەت بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشیان ڕەت کردووەتەوە بەتایبەت بڕیاری جنین، گوتی: بۆیە دەبێت چارەسەرێک بدۆزینەوە و ئەو دۆسیەیە کۆتایی پێ بێنین، ئێمە بەوە شۆک بووین کە ڕژێمی ئەسەد زۆر بە خێرایی تێکشکا.

ئەحمەد ڕەحال ڕایگەیاند: سووپای سووریا لە 2015 ەوە کۆتایی هاتووە، شتێک نەماوە بە ناوی سووپای سووریا، میلیشیا دەرەکییەکان لەگەڵ ئەسەدن بۆ شەڕ کردن، ئێستا ئەو میلیشیانەش لاواز بوون و ناتوانن پشتیوانی ئەسەد بکەن، ڕژێم بەرەو داڕووخانی کۆتایی دەچێت، هاوپەیمانەکانی بەشار ئەسەد دۆڕانی خۆیان ڕاگەیاندووە، گوتی: ئەمڕۆ چاومان لە بوونیاتنانەوەی سووریایەکی نوێیە بۆ هەموو پێکهاتەکان.