جەدعان عەلی: محەمەد جۆلانی پەروەدەکراوە و پێویستە پەیەدە لەگەڵی کۆ ببێتەوە
سەرۆکی نوێنەرایەتی ئەنەکەسە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: پەیامەکانی محەمەد جۆلانی، فەرماندەی بەرەی تەحریر شام زۆر عاقڵانەیە و بە ئاراستەی دڵنیاییدانە بە خەڵکی سووریا، دەشڵێت: پێویستە پەیەدە لەگەڵ پارتە کوردییەکانی دیکەی سووریا ببێتە یەک و بەیەکەوە بەشداریی بونیاتنانەوەی سووریای نوێ بکەن.
شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، جەدعان عەلی، سەرۆکی نوێنەرایەتی ئەنەکەسە لە هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، چاوەڕێی ئەو شکستە خێرایەیان لە ڕژێمی بەشار ئەسەد نەدەکرد، گوتی: ڕووسیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبی هەوڵیاندا بەشار ئەسەد ڕازی بکەن بەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ دۆخی سیاسی بکات، بەڵام ئەسەد هەموو پێشنیازەکانی ڕەت کردەوە، گوێی بۆ وڵاتانی عەرەبی و ڕووسیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەدەگرت و هەمووانیش بێهیوا بوون لە بەڵێنەکانی ئەسەد، گوتیشی: بڕیار دراوە گۆڕانکاری لە بارودۆخی سووریا بکرێت، پرسی سووریا هاتووەتە سەرمێزی نێودەوڵەتی.
جەدعان عەلی دەڵێت: محەمەد جۆلانی پەروەردە کراوە و گوتارەکانی زۆر ڕێک و پێک و عاقڵانەیە و پەیامەکانی زۆر پڕ دڵنیاییە بۆ پێکهاتەکانی سووریا، هەنگاوی زۆر باش دەهاوێژێت، بە نموونەش دانانی کەسێکی مەسیحی وەک پارێزگاری حەلەب، ئەو هەنگاوەش هەنگاوی کەسی تێگەیشتووە، بەڵام ئەوە ئەنجامی پەروەردەیەکی دوور و درێژە کە بەساڵ تێپەڕیووە، ڕەنگە جۆلانی ببێتە بەشێک لە دەسەڵاتی نوێی سووریا.
جەدعان عەلی دووپاتی کردەوە کە، پێویستە هێزە سیاسییە کوردییەکان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن و بەپەلە کۆببنەوە و بڕیار بدەن چۆن بەرژەوەندییەکانی کورد بپارێزن لە سووریای نوێدا، ئەگەر وا نەکەن، ئەوە کورد بێبەش دەبێت و وای لێدێت خەڵکی دیکە بە خێری خۆی ڕەحم بە کورد بکات و بیر لەوە بکەنەوە چی بە کورد بدەن و چی پێ نەدەن.
دەشڵێت: پێویستە پەیەدە وەک هێزی سەرەکی کە ناوچەیەکی سووریا بەڕێوەدەبات، بیسەلمێنێت نوێنەرایەتی کورد دەکات، بۆ سووریای نوێ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ هێز و لایەنەکان بکات.
سەرۆکی نوێنەرایەتی ئەنەکەسە لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەند هەوڵەکانی فەرەنسا و ئەمەریکا هەبوون بۆ نزیک کردنەوەی ئەنەکەسە و پەیەدە لە یەکتر، بەڵام پەیەدە خواستی نزیک بوونەوەی نەبووە لەگەڵ ئەوەی گۆڕانکاریی گەورە لە سووریا هەیە.
جەختی لەوە کردەوە، پێویستە پەیەدە بەپەلە لەگەڵ هێزەکانی دیکەی کورد کۆ ببێتەوە و ببنە یەک، بۆ ئەوەی هەمووان بۆ بەرژەوەندیی کورد کار بکەن، جدعان گوتی: پێویستە ئەمڕۆ لەبری سبەی ئەو کۆبوونەوەیە بکەین لەگەڵ پەیەدە.