سی ئێن ئێن: بەشار ئەسەد لە سووریا نەماوە
میدیاکانی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنن، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، لە سووریا هەڵاتووە و ئاشکرای نەکردووە ڕووی لە چ وڵاتێک کردووە، بەڵام هەموو مەزەندە دەکەن ڕووی لە ڕووسیا کردبێت.
شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا دیمەشقی بەجێهێشتووە و لە وڵاتەکەی نەماوە.
17ـی تەمووزی 2000، بەشار ئەسەد بووە سەرۆکی سووریا دوای حافز ئەسەدی باوکی، دوای 24 ساڵ لە حکوومڕانی ئەو وڵاتە، خەریکە دەسەڵاتەکەی لەسەر دەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیامەکانی دەڕوخێت.
ڕووداوە خێراکانی سووریا پێشهاتی نوێ دێننە ئاراوە، چاوی میدیاکانی جیهان لەسەر سووریا و گۆڕانکارییەکانە.
زیاتر لە پەنجا ساڵە بنەماڵەی ئەسەد حووکمڕانی سووریا دەکات، ئەو بنەماڵەیەی بە کودەتایەکی سەربازیی هاتنە سەر حوکم و ئێستە خەریکە بە سیناریۆیەکی نیمچەلێکچوو، کۆتایی بە دەسەڵاتیان دێت.
لە 16ـی تشرینی دووەمی 1970 حافز ئەسەد، وەزیری بەرگریی سووریا کودەتایەکی سەربازیی ئەنجامدا ئەو کودەتایە بە بزاوتی ڕاستکردنەوە ناسرابوو، نورەدین ئەتاسی سەرۆککۆماری سووریای لە دەسەڵای هێنایە خوارەوە.
لە 12ـی ئازاری ساڵی 1971، حافز ئەسەد کە سەرۆکی حزبی بەعسی عەرەبی بوو، بە سەرۆکی کۆماری سووریا هەڵبژێردرا، لە هەڵبژاردنێکدا جگە لە خۆی هیچ کێبڕکێکاری دیکە نەبوو، ئەسەد بوو بە یەکەم سەرۆککۆماری عەلەوی لە کاتێکدا سەدا 10ـی دانیشتووانی وڵاتیان پێکدەهێنا.
لە ساڵی 1983، حافز ئەسەد، دووچاری جەڵتەی دڵ دەبێتەوە و چەند کاتژمێرێک لە نەخۆشخانەی دیمەشق بێهۆش دەکەوێت، ڕەفعەت ئەسەدی برا بچووکی هەوڵی کودەتایەکی دا و بە شکست کۆتاییهات و دوای ساڵێک لە وڵات دوور خرایەوە.
لە حوزەیرانی ساڵی 2000، حافز ئەسەد لە تەمەنی 69 ساڵی کۆچی دوایی کرد، جاک شیراک، سەرۆکی فەرەنسا، تاکە سەرۆکی وڵاتێکی خۆراوایی بوو بەشداریی لە ڕێورەسمی بەخاکسپاردنیدا کرد.
دوای تەنیا مانگێک، هەموارێک لە دەستووری سووریدا کرا و بەشار ئەسەد، مافی خۆ بەربژێرکردنی پێ بەخشرا، لە دەنگدانێک کە تەنیا خۆی کاندید بوو سەدا سەدا 97ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بە سەرۆککۆماری نوێی سووریا هەڵبژێردرا، لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2001 سووریا کرانەوەیەکی رێژەی بەخۆیەوە بینی.
ساڵی 2011 سووریا چووە پاڵ میسر و تونس و وڵاتانی عەرەبی و بەر شەپۆلی بەهاری عەرەبی کەوت، لە سەرەتای درووستبوونی ناڕەزایی دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، نزیکەی 400 هەزار کەس کوژرا و ملیۆنان کەسی دیکە ئاوارەبوون و چەندین شار و ناوچە تەختی زەوی کران.
لە ساڵانی سەرەتای ململانێ، بەسار ئەسەد بەشێکی زۆری خاکی سووریا و چەند شارێکی سەرەکی لە دەستدان، بەڵام بە هاوکاریی هاوپەیمانانی دیمەشق، بە تایبەتیی هێزی ئاسمانی ڕووسیا تەرازووی شەڕ بەلای دیمەشقدا کەوت و تاکوو 2015 بەشێکی زۆری ناوچەکان کەوتنەوە دەستی ڕژێم.