تەندروستی سلێمانی: ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان نیگەرانییەكانی زیاتر كردووە
"ژمارەی تووشبووانە زۆرە كە تەندروستیان ناجێگیرە"
K24 - ھەولێر
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا و زۆربوونی ژمارەی ئەو تووشبووانەی باری تەندروستییان ناجێگیرە، نیگەرانی لای ئەوان و ھاووڵاتییان زیاتر كردووە.
د. ھێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نیگەرانی زۆری لای ئێمە و ھاووڵاتییانیش دروستكردووە، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە ژمارەی ئەو تووشبووانەش زۆر بووە كە باری تەندروستییان ناجێگیرە".
لەبارەی پلانی داھاتوویان، گوتی: "ئێستا پلانمان ئەوەیە ئەو نەخۆشانە وەرگرین كە نیشانەیان لێدەركەوتوون، لە ئەگەری زیادبوونی تووشبووان پلانەكانمان دەگۆڕین، ھاوكات پلانی چارەسەریش دەگۆڕێت، ئەو نەخۆشانەی كە نیشانەیان لێدەرنەكەوتوون لە ماڵەكانیان بیان ھێڵینەوە و لەگەڵیان لەسەر خەت دەبین و تیم دروست دەكەین بۆ ئەوەی چاودێریان بكەن".
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، دەبارەی مانگرتنی ژمارەیەك پزیشكان ئاماژەی بەوەدا: "مانگرتنی پزیشكان زەنگێكی مەترسیدارە، لە كۆرۆنا مەترسیدارتر ئەوەیە كە پزیشكان لە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی چارەسەركردنی كۆرۆنا مان بگرن، ھیواخوازین ئەوە روونەدات، بۆیە داوا لە وەزارەتی دارایی و حكومەت دەكەین بێنە سەرخەت، بۆ ئەوەی كارەساتی لەوە گەورەتر روونەدات كە ئێمە چاوەڕێی دەكەین، چونكە ئەگەر بەوشێوەیە بڕوات ھیچ شتێك لە دەستی ئێمە نامێنێ و دۆخەكە دەگاتە خاڵی كۆتایی".