ئیسرائیل فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی لە دیمەشق بۆمباران کرد

فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە
فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە

ئیسرائیل فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززەی لە دیمەشق بۆمباران کرد. 

دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ، 08-12-2024، ئیسرائیل کۆگاکانی چەک و کەرەستەی سەربازیی لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆمباران کرد. 

لە لایەکی دیکەوە دوو سەرچاوەی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی 'ڕۆیتەرز'ـیان ڕاگەیاندووە، فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل بۆمبارانی ژمارەیەک پێگەی سەربازیی لە ناوچەی مەززەی دیمەشق کردووە. 

چوارشەممە، 27-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا  بە سەرکردایەتیی ئەحمەد جۆلانی هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 08-12-2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ئەسەد هێنا.