گوتێرێس: داوای پاراستنی مافی هەموو گەلانی سووریا دەکەم
گوتێرێس: گەلی سووریا دەرفەتێکی مێژووییان لەبەردەمە
![](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/1733682731_kurdistan24.jpg)
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا پێشوازی لە ڕووخاندنی ڕژێمی سووریا و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەکات و داواکارە مافی هەموو گەلانی سووریا بپارێزرێت.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامەکەیدا دەڵێ: دوای 14 ساڵ لە شەڕێکی دڕندانە، دواجار دەسەڵاتی ڕژێمێکی دیکتاتۆر کۆتایی پێهێنرا، ئێستا گەلی سووریا دەرفەتێکی مێژووییان لەبەردەمە بۆ بنیادنانی داهاتووێکی سەقامگیر.
هەر لە پەیامەکەیدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، داوای لە هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکات، کە دۆخەکە هەستیارە و پێویستیە دانبەخۆیاندا بگرن و لە هەر شێوازێکی توندوتیژی خۆیان بەدوور بگرن.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە و دەڵێ: پێویستە بێ جیاوازی پارێزگاری لە مافی گەلانی سووریا بکرێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە کۆنترۆڵکردنی دیمەشقی پایتەخت، کۆتاییان بە دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد هێنا.