بەرپرسێکی ئەمەریکا: ڕەنگە ئەمەریکا دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت

دووشەممە، 9-12-2024، بەرپرسێکی بالای ئەمەریکا بە ڕۆژنامەی 'واشنتۆن پۆست'ـی ڕاگەیاند، ڕەنگە ئەمەریکا دەستەی تەحریر شام لەلیستی تیرۆر دەربهێنێت.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە ئەگەرییە بە ئامانجی مامەڵەکردنە لەگەڵ دەستەکە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە سووریا.

دەستەی تەحریرشام لەلایەن ئەمەریکا و تورکیا و کۆمەڵێک وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوایی، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشان کراوە.

لە ساڵی 2018دا ئەمەریکا پاداشتێکی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەکەی دەستەکە، ئەبو محەممەد جۆلانی تەرخان کردبوو.

ئەبو محەممەد جۆلانی، لە چاوپێکەوتنێکیدا بە 'سی ئێن ئێن'ـی ڕاگەیاند، "ئەم پۆلێنکردنە بە پلەی یەکەم سیاسیە و لە هەمان کاتیشدا نادروستە" ئاماژەی بەوەش کرد، کە "هەندێک کاری توندڕەوی بوونە هۆی دابەشبوونی دەستەی تەحریر شام و گرووپە توندڕەوەکان."

جۆلانی دەشڵێت: "دژی هەندێک لەو تەکتیکانە بووە کە گرووپە چەکدارەکانی دیکە وەحشیگەرانە بەکاریان دەهێنا، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەواندا بپچڕێنێت." گوتیشی: " خۆی بەشداری لە هێرشەکانی سەر هاووڵاتیانی مەدەنیدا نەکردووە."

گرووپە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریر شام، ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریایان ڕووخاند و ڕووسیاش ڕایگەیاند، بەهۆکاری مرۆیی مافی پەنابەری بە ئەو و خێزانەکەی لە ڕووسیا داوە.