دەرگای نهێنی زیندانی سوور دۆزرایەوە

سووریا
سووریا

بەدوا گەڕانی زیندانیکراوە نهێنییەکان بەردەوام بوو، تا دواجار دەرگا نهێنییەکەی زیندانیی سوور دۆزرایەوە و هەزاران زیندانی دیکە لە سەیدانایا ئازاد کران.

پاش ئەوەی بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا گەیشتنە ناوەڕاستی دیمەشق و کۆتاییان بە ڕژێمی بەشار ئەسەد هێنا، هەر زوو مەترسیدارترین زیندانی ئەو شارە بەناوی سەیدانایا شکێندرا و هەزاران زیندانیی ئازاد کران، بەڵام زیندانییەکان هەر ئەوەندە نەبوون، بەڵکو هەزاران زیندانیی دیکە لە زیندانە نهێنییەکانی زیندانی سوور و سپی نەتوانرا بدۆزرێنەوە و هەزاران کەسیش لە کەسوکاری زیندانیکراوەکان بەدوای دۆزینەوەی کەسوکاری گیراویان بوون تا دواجار، ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەرگای نهێنی زیندانەکەیان دۆزیەوە و هەزاران زیندانی دیکەیان ئازاد کرد.

چوارشەممەی پێشوو، 27ـی تشرینی دووەمی 2024 گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا  بە سەرکردایەتیی ئەبو محەممەد جۆلانی هێرشی فراوانیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد، دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد هێنا.