دیارترین شەش سەرۆک کۆمار لە سووریای نوێدا
لە مێژووی سووریای نوێدا، شەش کەسایەتی، سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەیان کردووە. زۆرینەیان بە کودەتا بوونەتە سەرۆک و حافز ئەسەدیش لە هەمووان زیاتر لەسەر کورسی دەسەڵات مایەوە.
شوکری قووەتلی: 10 ساڵ لە دەسەڵاتدا بووە
یەکەم سەرۆکی سووریا بووە دوای سەربەخۆیی سووریا. لە سالێ 1891 لە دیمەشق لە دایک بووە، یەکێک بوو لە دیارترین سەرکردەکانی بزووتنەوەی نیشتمانیی سووری دژی فەرەنسا. دوو جار سەرۆکایەتیی سووریای کردووە، لە ویلایەتی یەکەمیدا، ساڵی 1949 حوسنی زەعیم کوودەتای بەسەردا کرد، بەڵام لە ساڵی 1955 جارێکی دیکە بووەتەوە سەرۆک، دوای ڕاگەیاندنی یەکگرتنی سووریا، عێراق و میسر، پۆستەکەی بۆ جەمال عەبدولناسر بەجێ هێشت.
ئەدیب شیشەکلی: 230 ڕۆژ لە دەسەڵاتدا بووە
فەرماندەیەکی سەربازیی بوو و سەرپەرشتیی پێنج کودەتای لە سووریا کردووە. لە ساڵی 1909 لە حەما لە دایک بووە. لە ساڵی 1953 بووەتە سەرۆک و سیستەمی یەک حزبی پەیڕەو کرد و ڕووبەڕووی دژایەتییەکی زۆری ئۆپۆزیسیۆن بووەوە، ئەوەش وایکرد دەست لە کار بکێشێتەوە، دواتر لە ساڵی 1964 لە بەرازیل تیرۆر کرا.
ئەمین حافز: سێ ساڵ لە دەسەڵاتدا بووە
کەسایەتییەکی سەربازیی و هێمایەکی بەرچاوی پارتی بەعسی سووریا بوو. لە ساڵی 1921 لە شاری حەلەب لە دایک بووە و بەشداریی لەو کوودەتا سەربازییەدا کردووە کە لە ساڵی 1963 حزبی بەعسی سووریای هێنایە سەر دەسەڵات و پاڵپشتیی بەهێزکردنی ئەو حزبەی کردووە. لە کودەتایەکی ساڵی 1966 لابرا، دواتر دەستگیر کرا و ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرا.
نوورەددین ئەتاسی: چوار ساڵ لە دەسەڵاتدا بووە
دۆکتۆر و سیاسەتمەدار بوو، یەکێک بووە لە سەرکردەکانی باڵی چەپی پارتی بەعس. لە ساڵی 1929 لە شاری حومس لە دایک بووە، دوای کوودەتاکەی سەلاح جەدید، دەسەڵاتی گرتە دەست. پاشان حافز ئەسەد لە کوودەتایەکدا بە ناوی "بزووتنەوەی چاکسازی" لە سەرۆکایەتیی لایدا و تاوەکوو مردنی لە ساڵی 1992، لە زینداندا بوو.
حافز ئەسەد: 29 ساڵ لە دەسەڵاتدا بووە
ئەفسەرێکی بەعسی بوو و درێژترین ماوە سەرۆکایەتیی لە مێژووی سووریادا کردووە. لە ساڵی 1930 لە قەرداحە لە دایک بووە و دواتر لە ساڵی 1970 بە کودەتایەک، پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی گرتە ئەستۆ. سیستەمی "دەوڵەتی ئەمنی"ـی لەسەر بنەمای هەواڵگری دامەزراند و لە ساڵی 2000 گیانی سپارد.
بەشار ئەسەد: 24 ساڵ لە دەسەڵاتدا بووە
لە ساڵی 1966 لە دیمەشق لەدایک بووە، لە بەریتانیا پزیشکی چاوی خوێندووە دوای مردنی باوکی لە ساڵی 2000 دەسەڵاتی گرتە دەست. چەند جارێک دەستووری هەموارکردووەتەوە تاوەکوو لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 ڕووخانی ڕژێمەکەی ڕاگەینرا و بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی وڵاتیان بەجێ هێشت، ئەمەش دوای 13 ساڵ لە سەرهەڵدانی شۆڕشێکی جەماوەری لە سەرانسەری سووریا.