عێراق..هەڵمەتی جێبەجێنەکردنی سزای لە سێدارەدان بۆ هەشت هەزار تۆمەتبار دەستپێدەکات
تۆڕی دادپەروەری بۆ زیندانیان، هەڵمەتی ڕاگرتن وجێبەجێنەکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ هەشت هەزار تۆمەتباری زیندانییەکانی عێراق ڕادەگەیەنێت.
سێشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2024 تۆڕی دادپەروەری بۆ زیندانیان ڕایگەیاند: هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ ڕاگرتنی ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان بۆدراوە لەعێراقدا کە ژمارەیان هەشت هەزار کەسە.
شوان سابیر، بەڕێوەبەری کارگێری تۆڕەکە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: عێراق لەدە یەکەمینی ئەو وڵاتانەیە کە سزای لەسێدارەدان جێبەجێدەکات و بە پێنج یەکەمی وڵاتانی عەرەبیش دادەندرێت، بۆیە چەندین پێشنیاز وڕاسپاردە هەبوون بۆ ڕاگرتنی ئەو سزایە.
بەڕێوەبەری کارگێری تۆڕی دادپەروەری بۆ زیندانیان ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا لەساڵی 2024، نزیکەی 30کەس سزای لەسێدارەدانیان لەسەر جێبەجێکراوە وهەشت هەزار کەسیش تاوەکوئێستا سزاکەیان دەرهەق دراوە.
شوان سابیر ڕایگەیاند: 472 کەس لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لە سێدارەدانیان دەرهەق دراوە کە 439 پیاو و 33 ئافرەتن، بەڵام سزاکە ڕاگیراوە و جێبەجێ نەکراوە.