دوایین باڵیۆزی ئەمەریکا لە سووریا: ترەمپ هەوڵ دەدات هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بکشێنێتەوە
دوایین باڵیۆزی ئهمهریكا له سووریا قسەی بۆ کوردستان24 کرد و گوتی: هیچ پەیوەندییەک لەنێوان گرووپەکانی سووریا و ئەمەریکادا نییە. جەختی لەوەش کردەوە، کە خوازیارن سووریا ببێتە ئەو وڵاتەی کە بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجام بدات و پەیوەندییەکانیان ئاسایی بێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، رۆبهرت فۆرد، دوایین باڵیۆزی ئهمهریكا له سووریا، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئیدارەی بایدن گرنگی بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی سووریا دەدات، بە تایبەت ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە ناوەڕاستی بادییە و سووریا لە ئارادایە تا داعش بەکاری نەهێنێت بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە.
ئاماژەی بەوە دا، ئیدارەی بایدن گرنگی بە پرۆسەی سیاسی سووریا دەدات هەروەها گرنگی بە پاراستنی هێزە ئەمەریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دەدات. جەختی لەوەش کردەوە، ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی بەو حکوومەتە نوێیەی سووریا نییە کە دوێنێ ڕاگەیەنراوە.
لەبارەی ئیدارەی ترەمپەوە، دەڵێت: ئیدارەکە پاڵپشتیی بەردەوام و بەهێزی ئیسرائیل دەبێت و مافی پارێزگاری ئیسرائیل لەخۆ دەگرێت، هەروەها ترەمپ دەیەوێت سەربازە ئەمەریکییەکان لە سووریا نەمێنن.
ناوبراو باسی لەوە کرد، ئەگەر سووریا دابەش بکرێت و جەنگێکی نێوخۆیی هەبێت، ئەمە دەرچەی نوێ دەکاتەوە بۆ هێزەکانی تورکیا، سعوودییە، ئیسرائیل ئیماران و عێراق بۆ ئەوەی تێوە بگلێن و دواتر کێبڕکێکە دەبێتە هەرێمی زۆر ئەستمە جەنگەکە بوەستنێرێت لەنێوان ئەو کێبڕکێ هەرێمییە، کە ئەمەش مەترسیدار دەبێت بۆ گەلی سووریا.
رۆبهرت فۆرد، خوازیارە سووریا نەبێتە ناوەندێک بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان، هاوکات خوازیاری ئەوەیە کە سووریا ببێتە ئەو وڵاتەی کە بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجام بدات و پەیوەندییەکانیان ئاسایی ببنەوە.