نهێنی تازە لەبارەی هەڵاتنی بەشار ئەسەد ئاشکرا بوو
لەگەڵ پێشڕەوییە خێرا و لەناکاوەکەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەرەو دیمەشقی پایتەخت لە یەکشەممەی ڕابردوو 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، ژیان و ئایندەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕووخاوی سووریا کەوتە دەستی ڕووسیا، ئەو کاتە مۆسکۆ چاوەڕێی دەکرد بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەسەد لەنێو هێرشەکان ڕزگار بکات.
ئاژانسی بلومبێرگ لە سێ سەرچاوەی زانیاریی بڵاوی کردووەتەوە، ڕووسیا بەشار ئەسەدی بەوە ڕازی کردووە، لە شەڕەکە دەدۆڕێت، بۆیە پێشنیازیی بۆ کردووە دەرچەیەکی بۆ ڕێکخستووە بتوانن لێیدا بەپەلە سووریا بەجێبێڵن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین، داوای کردووە زانیاریی پێبدەن لەسەر ئەوەی، دامەزراوەکانی هەواڵگریی ڕووسیا بەچ هۆکارێک نەیانتوانیووە ئاگەداری ئەو هەڕەشانە بن کە زۆر بەخێرایی کەوتە سەر دەسەڵاتی ئەسەد، تا ئەوکاتەی هەموو شتێک لەدەست دەرچوو.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرای دەکەن، هەواڵگریی ڕووسیا، ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی بەشار ئەسەدیان ئەنجام داوە، لە بنکەی ئاسمانی هێزەکانی خۆیان لە سووریا گواستوویانەتەوە، هاوکات ئامێری ناردن و وەرگرتنی ئەو فڕۆکەیەیان وەستاندووە کە ئەسەدیان پێی ڕزگار کردووە، بۆ ئەوەی نەتوانرێت چاودێریی بکرێت.
دوای چەند کاتژمێرێک لە هەڵاتنی بەشار ئەسەد، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن چوونە نێو دیمەشق بێ ئەوەی لەگەڵ سووپای سووریا ڕووبەڕوو ببنەوە، هەر ئەو کاتە گرووپە چەکدارەکان کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان ڕاگەیاند.
ڕەسڵان بۆخۆف، سەرۆکی ناوەندی شیکردنەوە ستراتیژییەکان و تەکنەلۆژیا لە مۆسکۆ ڕایگەیاند: دەکرێ ڕووسیا داوا لە ئەسەد بکات واز لە دەسەڵات بێنێت، لەبەر ئەوەی ڕووسیا نایەوێت خوێن بڕژێت.
بلومبێرگ ئاماژەی بەوە کردووە، ڕووسیا نیگەرانە لە ئایندەی هەردوو بنکە سەربازییەکەی لە سووریا، میدیاکانی ڕووسیاش دەڵێن: بەشار ئەسەد بەرپرسە لە شکستەکانی ڕووسیا لە سووریا، لەگەڵ ئەوەی ڕووسیا تیشکی خستبووە سەر پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی لە ناوچەکە.
ئەو میدیایانەی ڕووسیا دەشڵێن: لەسەرەتای هێرشەکاندا بۆ سەر شارەکانی سووریا، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەند جارێک بۆردوومان کردووە، لەپێناو لەناوبردنی گرووپەکان و پشتیوانی کردنی هێزە چەکدارەکانی بەشار ئەسەد.
دەڵێن: کە هەست بەوە کرا سووپای سووریا بەرگریی ناکات و گرووپە چەکدارەکان چوونە نێو حەما و پاش چەند ڕۆژێکیش حەلەب، ڕووسیا گەیشتە ئەو ڕایەی ناتوانێت پارێزگاریی لە ڕژێمی بەشار ئەسەد بکات لە کاتێکدا گرووپە چەکدارەکان بۆ حومس پێشڕەوییان دەکرد.
دوێنێ سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: بەشار ئەسەد میوانی ئەوانە لە ڕووسیا.