حەمید قوتەینی: تا ئێستە نزیکەی 300 زیندانی لە سێدنایا ڕزگار کراون
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی لە سووریا دەڵێت: لە دوای دوو ڕۆژ پشکنین، هێشتا نەتوانراوە دەرگە نهێنییەکانی زیندانی سێدنایا بدۆزرێنەوە و تا ئێستە نزیکەی 300 زیندانی لە زیندانەکە ڕزگار کراون.
چوارشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، حەمید قوتەینی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی لە سووریا، لەبارەی گەڕان بۆ چارەنووسی زیندانییانی سێدنایا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "دەست کرا بە ئازادکردنی زیندانییەکان، دوای ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان سۆراغی کەسوکارە گیراوەکانیان دەکرد کە لە سەردەمی ڕژێمی ڕۆخێنراودا زیندانی کرابوون.
هاوکات، ئاماژەی بەوە دا، پێنج تیم کە سەگی ڕاهێنراویان پێ بووە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە زیندانی سێدنایا گەڕان و پشکنیان کرد بە مەبەستی دۆزینەوەی بەشە نهێنییەکانی زیندانەکە؛ بەڵام بەداخەوە نەتوانرا دەرگە نهێنییەکان بدۆزرێنەوە.
گوتیشی: ژمارەی ڕزگارکراوانی زیندانەکە لەنێوان 100 بۆ 300 کەس بووە، لەکاتێکدا ژمارەی زیندانیکراوان و بزرکراوان زیاتر لە 100 هەزار کەس زیاتر دەبێت، تا ئێستە چارەنووسیان نادیارە.