پەیامنێرانی بێ سنوور داوای دادگایی کردنی ئەسەد دەکەن

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور

بەتاوانی کوشتنی دەیان ڕۆژنامەنووس، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور داوای دادگایی کردنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕووخاوی سووریا دەکەن کە ئێستا لە ڕووسیایە.

چوارشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە بەیاننامەیەکدا، داوای دادگایی کردنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕووخاوی سووریا دەکەن بەتاوانی کوشتنی دەیان ڕۆژنامەنووس لەو کاتانەی کە خۆنیشاندانەکان دژی حکوومەت لە سووریا سەری هەڵدا بوو، دەشڵێن: ئەسەد وای لە سووریا کرد، ببێتە خراپترین وڵاتانی جیهان بۆ کاری ڕۆژنامەنووسان، ئەوەش بەهۆی کوشتن و لە سێدارەدانی زیاتر لە 180 ڕۆژنامەنووس و میدیاکار، جگەلە ڕۆژنامەنووسانەی لە زیندانەکان ئەشکەنجە دەدران.

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای خۆ نیشاندانەکانی سووریا دژی حکوومەت لە ساڵی 2011، هێزەکانی بەشار ئەسەد 161 ڕۆژنامەنووسیان کوشتووە، سەرباری ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا لە سووریا، بووە هۆی کوژرانی 17 ڕۆژنامەنووس.