ئیسرائیل دەوروبەری دیمەشقی بۆردومان کرد
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سووریایان بۆردومان کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی دیمەشقدا سووڕانەوە و دەوروبەری پایتەخەتەکەیان بە چڕی بۆردومان کرد، هەروەها دەنگی بۆردومانکەش لە سەرتاسەری دیمەشق هەستی پێ کراوە.
لەلایەکی دیکەوە مێدیاکانی سووریا، ئەم هەواڵەیان پشتراست کردووە، بەڵام بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئامانجی بۆردومانەکەی ئیسرائیل بدەن.
هەروەها دانیشتووانی گەڕەکەکانی ڕۆژئاوای دیمەشق ڕایانگەیاندووە، گوێیان لە دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز بووە، کە پێدەچێت لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززەوە بێت.
دانیشتووان ئاماژەیان بەوەش کردووە، گوێیان لە دەنگی فرۆکە جەنگییەکان بووە کە لە ئاسمانی لادێکانی باشووری ڕۆژئاوای دیمەشقدا دەسوڕانەوە.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دوای هەڵاتنی بەشار ئەسەد بۆ ڕووسیا، چەندین جار دامەزراوە سەربازییەکانی سووریایان لە بەشێک لە پارێزگاکانی وڵاتەکە کردووەتە ئامانج.