کارگەیەکی حەبی هۆشبەر لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە لەنێو برا
بازرگانی بە کاپتاگۆن بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی ئەسەد دادەنرا
کارگەیەکی حەبی هۆشبەری "کاپتاگۆن" لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە، لەلایەن گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا دۆزرایەوە و لەنێو برا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا، لە ڕێگەی سووتاندنی کارگەیەکی دروستکردنی ماددەی هۆشبەری "کاپتاگۆن، لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە، سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حزبی بەعسی سووریایان وشک کرد.
ڕژێمی بەعس لە سەردەمی ئەسەد، سووریای کردبووە "دەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکان"، هەروەها لەنێویانیشدا کاپتاگۆنی کردە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگییە ئابوورییانەی کە لە ئەنجامی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە هاتبوونە ئاراوە.
کاپتاگۆن لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەڵمانیا بۆ چارەی نەخۆشی خەواڵووی، خەمۆکی و تێکچوونی سەرنج بەرهەم دەهێنرا، بەڵام لە ساڵی 1986 لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان قەدەغە کرا، دوای ئەم قەدەغەکردنە باندە تاوانکارییەکانی بولگاریا دەستیان کرد بە بەرهەمهێنانی حەبەکە لە پارێزگای بیقاعی لوبنان.
پێشهاتەکانی سووریا لە ساڵی 2011، هەروەها داڕمانی سیستەمی سیاسی و ئابووری لوبنان، بووە هۆی بڵاوبوونەوەی بازرگانیی کاپتاگۆن لە ناوچەکەدا، هەروەها ڕژێمی بەعسی سووریا بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی ئەو حەبە و بازرگانیکردن پێوەی.
ڕوانگەی تۆڕە سیاسی و ئابوورییەکان بۆ بەدواداچوون بۆ بازرگانیی کاپتاگۆن لە جیهانی عەرەبیدا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە ڕژێمی ئەسەد لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2022 داهاتی بۆ هەر ساڵێک 2.4 ملار دۆلار بووە، ئەم بڕە پارەیەش یەکسانە بە نزیکەی چارەکێک لە کۆی گشتی داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی سووریا.
هاوکات باس لەوە دەکرێت کە بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە بەدەست دەهێنرێن، زۆربەیان لە ڕێگەی لوبنانەوە بە قاچاخ دەهێنرێن بۆ سووریا، بڕی داهاتەکەی یەکسانە بە دوو هێندەی داهاتی یاسایی هەناردەکردن لە سووریا.
شارەزایان پێشبینی دەکەن دوای ئەسەد، پرۆسەی بووژانەوەی ئابووری لە سووریا بە پاڵپشتی وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیا دەست پێ بکات.
بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕژێم لە دامودەزگە گشتییەکانی دەوڵەت، گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا چوونە ناو دیمەشقی پایتەخت و کۆنترۆڵیان کرد و بەمەش کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.