ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر جبەخانە سەربازییەکانی سووریا دەست پێ کردووە

ئیسرائیل لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئۆپەراسۆنێکی ‌هێرشی ئاسمانی لە دژی ژێرخانی سەربازی سووریا ڕاگەیاند و بە بەشداریی زیاتر لە 300 فڕۆکەی جەنگی نزیکەی %80ـی ژێرخانی سەربازی سووریای ڕووخاند، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ئیسرائیل هێرشکەی دەست پێ کرد و نزیکەی 500  جار سووریای بۆردومان کرد.

دوای ڕووخانی ڕژێم سووریا، بە پاساوی لە ناوبردنی هەرەشەکانی سەر ئیسرائیل، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی ئاسمانی بۆ سەر پێگە و جبەخانە سەربازییە ستراتیجییەکانی سووریا لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی تیری بەشان کرد، کە بە گەورەترین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانەی سەربازی سووریا لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا دادەنرێت، ئەمەش وایکرد توانای سەربازی سووریا لاوازبێت.

ڕژێمی پێشووی سووریا خاوەنی چەندان توانای ستراتیجی بووە، وەك 100 یەکەی سیستەمی بەرگریی لەجۆری ئێس 200 و ئێس 300، سیستەمی بی یو کەی و پانتسیر و خاوەنی هەزاران مووشەک بووە، هەروەها سووریا خاوەنی 278  فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر لە جۆری میگ29، میگ21، میگ23 و سوخۆی24 و هەلیکۆپتەری ئێم ئای 17و چەندان جۆری دیکە بووە، کە سەرجەمیان فڕۆکەی بەرهەمهێندراوی ڕووسیان، جگە لە مانەش خاوەنی پێنج ناوەندیی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی بووە، بەڵام لە ماوەی48  کاتژمێردا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بە بەشداریی 350 فڕۆکەی جەنگی 480  جار ژێرخان و ناوەندە سەربازییەکانی سووریای بۆردومان کرد، بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، 15  کەشتی، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و ناوەندیی بەرهەمهێنانی چەک لە 13 پارێزگای سووریا بۆردومان کران، ئیسرائیل توانی %70 بۆ %80ـی تواناکانی ئەو وڵاتە تێکبشکێنێت.

زۆرترین کەرستەی سەربازی سووریا لە ڕووسیا بەرهەمهێنراون، بۆ ئەوەی سوپای سووریا بنیات بنرێتەوە زیاتر لە 10 ساڵ دەخایەنێت، تەنیا تێچووی بنیاتنانەوەی مووشەك و تۆپهاوێژ و پارچەی یەدەگی کەرستەکان نزیکەی یەك ملیار دۆلارە.