کوردستان24 نهێنییەکانی نێو فڕۆکەخانەی مەززە بڵاودەکاتەوە

لەنێو فڕۆکەخانەی مەززە، گرتووخانەی نهێنی و کارگەی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر دۆزرانەوە

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ڕۆژانە تا دێت نهێنی زیاتر لەسەر ئەو شوێن و ناوەندانە ئاشکرا دەکرێن کە پێشووتر بە دەستی ڕژێمەکەی ئەسەدەوە بووە، کوردستان24 چووەتە نێو فڕۆکەخانەی مەززە و چەندین نهێنی لەبارەیەوە بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ هەینی 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، دیلان بارزان، نێردراوی کوردستان24 بۆ سووریا ڕایگەیاند: لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززەیە و کە ئەو شوێنە گرتووخانەی نهێنی لێ بووە، هەروەها ناوەندێک بووە بۆ بازرگانیی ماددەی هۆشبەر.

ناوبراو ئاماژی بەوە کرد، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، کارگەیەکی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر لە جۆری حەبی کاپتاگۆن لەلایەن دەستەی تەحریر شام دۆزرایەوە و لەنێو برا.

نێردراوی کوردستان24، گوتی: لەوەتەی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخاوە، ئیسرائیل دوو جار فڕۆکەخانەی مەززەی بۆردومان کردووە و فڕۆکە و کەرستە سەربازییەکانی لەنێو بردووە.

 

پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا، لە ڕێگەی سووتاندنی کارگەیەکی دروستکردنی ماددەی هۆشبەری "کاپتاگۆن، لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە، سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حزبی بەعسی سووریایان وشک کرد.

ڕژێمی بەعس لە سەردەمی ئەسەد، سووریای کردبووە "دەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکان"، هەروەها لەنێویانیشدا کاپتاگۆنی کردبووە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگییە ئابوورییانەی کە لە ئەنجامی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە هاتبوونە ئاراوە.

کاپتاگۆن لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەڵمانیا بۆ چارەی نەخۆشی خەواڵووی، خەمۆکی و تێکچوونی سەرنج بەرهەم دەهێنرا، بەڵام لە ساڵی 1986 لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان قەدەغە کرا، دوای ئەم قەدەغەکردنە باندە تاوانکارییەکانی بولگاریا دەستیان کرد بە بەرهەمهێنانی حەبەکە لە پارێزگای بیقاعی لوبنان.

پێشهاتەکانی سووریا لە ساڵی 2011، هەروەها داڕمانی سیستەمی سیاسی و ئابووری لوبنان، بووە هۆی بڵاوبوونەوەی بازرگانیی کاپتاگۆن لە ناوچەکەدا، هەروەها ڕژێمی بەعسی سووریا بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی ئەو حەبە و بازرگانیکردن پێوەی.

ڕوانگەی تۆڕە سیاسی و ئابوورییەکان بۆ بەدواداچوون بۆ بازرگانیی کاپتاگۆن لە جیهانی عەرەبیدا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە ڕژێمی ئەسەد لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2022 داهاتی بۆ هەر ساڵێک 2.4 ملار دۆلار بووە، ئەم بڕە پارەیەش یەکسانە بە نزیکەی چارەکێک لە کۆی گشتی داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی سووریا.

هاوکات باس لەوە دەکرێت کە بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە بەدەست دەهێنرێن، زۆربەیان لە ڕێگەی لوبنانەوە بە قاچاخ دەهێنرێن بۆ سووریا، بڕی داهاتەکەی یەکسانە بە دوو هێندەی داهاتی یاسایی هەناردەکردن لە سووریا.