نەمسا پاڵپشتیی لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەرانی سووری دەکات

حکوومەتی نەمسا، ڕایگەیاند: پاداشتی گەڕانەوە پێشکەش بە پەنابەرانی سووری دەکات ئەگەر نەماسا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.

ئەمڕۆ هەینی 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، کارل نیهامێر، سەرۆک وەزیرانی نەمسا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا، کە بڕیاریان داوە هەزار یۆرۆ پێشکەشی هەر پەنابەرێکی سووری بکەن ئەگەر نەمسا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بە تایەبەت کە ئێستا ڕژێمی ئەسەد ڕووخاوە و دۆخی وڵاتەکە سەقامگیر دەبێت.

بە پێی بڕیارەکە، دەبێت گەڕانەوە پەنابەرەکان ئارەزوومەندانە بێت و نابێت پێچەوانەی خواستی خۆیان بێت، واتە نەبێتە هۆی دیپۆرتکردنەوەیان.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆک وەزیرانی نەمسادا هاتووە، ئێستا سووریا پێویستی بە هاووڵاتییانی خۆی هەیە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە.

بەڵام هێشتا دیار نییە چەند پەنابەری سووری ئەم ئۆفەرەی حکوومەتی نەمسا قبوڵ دەکەن.