توێژەرێکی ڕووس بۆ کوردستان24: دوای ئەسەدیش، ڕووسیا لە سووریا ئامادە دەبێت
ڕووسیا یەکێک بوو لە وڵاتانەی زۆر سەرسەختانە پشتیوانیی لە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دەکرد، بەڵام دوا جار تەنیا بەشار و ماڵباتەکەی پێ رزگار کرا. هێشتا ژمارەیەک بنکە و هێزی ڕووسی لە سووریادا هەن و مانەوەیان، بە ئاییندەی ململانێکانی ناو سووریا و هەژموونی تورکیاوە بەندە. بەدیدی پسپۆڕ و شارەزایانیش لە مۆسکۆ، پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و سووریای نوێ پەرە دەستێنن.
بەدرێژایی قەیرانی سووریا، ڕووسیا زیاتر لە 13 ساڵ، پشتگیری ڕژێمەکەی ئەسەدی کرد، بەڵام وەکوو جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، دواجار مۆسکۆ بەشار ئەسەد و خێزانەکەی وەکو پەنابەر وەرگرت.
هەنووکە بەشێک ڕایان وایە، مانەوەی ئەسەد لە ڕووسیا، بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ لە سووریای داهاتوودا سنووردار دەکات، بەڵام پسپۆرانی ڕووس درێژەدان بە پەیوەندیی وڵاتەکەیان لەگەڵ سووریا، بە گرنگ دەزانن.
ئەندرێی کۆرتونۆڤ، سەرپەرشتی زانستی لە ئەنجوومەنی کاروباری نێودەوڵەتی ڕووسیا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بابەتەکە زیاتر پەیوەستە بە دەسەڵاتی نوێی سووریاوە کە دەخوازێت یا ناخوازێت لەگەڵ ڕووسیا پەیوەندییەکانی درێژە پێبدات، بێگومان ڕووسیا بە فۆرمی جیاجیا دەخوازێت لە سووریادا ئامادەیی هەبێت.
هاوکات دەڵێت: لەگەڵ سووریا بەرژەوەندیی ئابووری گرنگمان پێکەوە هەیە، دوو بنکەی سەربازی ڕووسیا لە سووریا جێگیر کراون، هاوئاهەنگی و پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ گەلانی کۆمەڵگەی سورییدا هەیە، بێگومان دەسەڵاتی نوێی سووریا ناخوازێت تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا بپچڕێنێت، چونکە ئەم هەنگاوە ڕەوشی ئاڵۆزی سووریا هێندەی تر دژوارتر دەکات، بۆیە من پێموایە کە پەرەسەندن لە پەیوەندییەکاندا درێژەی دەبێت.
بۆچوونێکی دیکە لەو بڕوایەدایە کە لە سووریا ، تورکیا خیانەتی لە مۆسکۆ کردووە، ئەمە دیدی ئەلیکساندەر دوگینە،کە بیرمەندێکی ڕووسە و، پێی وایە لە هەنووکەدا، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کرێملن لە سووریادا، بەندە بە هێشتنەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا و، ئایندەی ململانێکانی تورکیا لەو وڵاتەدا ئەویش هۆکارێکی تر دەبێت.
لای خۆیەوە نیکەڵای سوخەف، توێژەر لە ناوەندیی توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتیی پریماکۆڤ، بە کوردستان24ـی گوت: پێموایە کە سەرۆکایەتی ڕووسیا هەوڵدەدات پەیوەندییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا ڕێکبخات و هەماهەنگی هەبێت، چونکە هەموو بنەمایەکی پێویست بۆ ئەم کارە هەیە، بێگومان ڕووسیا دەخوازێت لە سووریا بنکە سەربازییەکانی بپارێزێت، چونکە ئەو بنکانە خاڵی سەرەکین بۆ درێژەدان بە کارو پڕۆژەکان لە ئەفریقیا، دیارە وەک فاکتەرێکی ئابووری زیاتر نەک سەربازی، بەڵام کاریگەریی تورکیا بەسەر دەسەڵاتی نوێوە یان فشاری تورکیا بۆ سەریان ئەشێت ڕووسیا ناچار بکات ئەو بنکانە لەوێ بگوازێتەوە، ئەوی دەمێنێتەوە بابەتی گفتوگۆ و ڕاگرتنی هاوسەنگی بەرژەوەندییەکانە.
ڕووسیا زۆر هاوکاربوو بۆ ئەوەی ڕژێمەکەی ئەسەد بمێنێتەوە، بەڵام ڕەوشەکە گەیشتە قۆناغێک کە تەنیا بتوانیت بەشار و ماڵباتەکەی وەک پەنابەر وەخۆبگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا شارەزا و پسپۆران لە مۆسکۆ، پێیان وایە کە کرێملن دەستبەرداری بەرژوەندییەکانی لە سووریادا نابێت .