یەکەم پەیامی حکوومەتی کاتیی سووریا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان
حکوومەتی کاتیی سووریا داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات ئیسرائیل ناچار بکات لە خاکەکەی بکشێتەوە
حکوومەتی کاتیی سووریا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، ئیسرائیل ناچار بکات دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر خاکی سووریا بوەستێنێت و لەو ناوچانەی کە داگیری کردووە بکشێتەوە، چونکە ئەوە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ساڵی 1974، دادەنرێت.
لە دوو نامەی هاوشێوەدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، قوسەی زەحاک، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە "بە ڕێنمایی حکوومەتەکەم کار دەکەم بۆ ئەوەی ئەو داواکاریانە بخاتەڕوو."
ئەمە یەکەم پەیامە لەلایەن حکوومەتی کاتیی سووریاوە بە سەرۆکایەتیی محەممەد بەشیر، ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت.
ئەو دوو نامەیە، لە 9ـی کانوونی یەکەمی2024 نێردراون، ئەوەش دوای ڕۆژێک لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، کە زیاتر لە 50 ساڵ حوکمی سووریای کرد.
باڵیۆز زەحاک نووسیویەتی: "لە کاتێکدا کە سووریا بە قۆناغێکی نوێ لە مێژووی خۆیدا تێ دەپەڕێت، گەلەکەی ئاواتەخوازن دەوڵەتێکی ئازادی و یەکسانی و سەروەری یاسا دابمەزرێنن و هیواکانیان بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی بەدی بهێنن." سوپای ئیسرائیل خاکەکەی "جبل الشیخ و پارێزگای قونەیترە" بۆمباران و داگیر دەکات."
لە 8ـی کانوونی یەکەمدا، سوپای ئیسرائیل هاتە ناو خاکی سووریا "جبل الشیخ" و بەرزاییەکانی جۆلانی کۆنترۆڵ کرد، بێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ هێزێک ببێتەوە، سوپای ئیسرائیل هێزەکانی خۆی لە ناوچەی پارێزەری سنووری لەگەڵ سووریا جێگیر کرد.
لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، دوێنێ هەینی، یسرائیل کاتیز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل فەرمانێکی دەرکردووە، هێزەکانی ئیسرائیل پێگەکانی خۆیان لەسەر جبل الشیخ، کە شوێنێکی ستراتیجییە و دەڕوانێتە دیمەشق، جێگیر بکەن.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدات، بە گرنگی دەزانین لەسەر لووتکەی "جبل الشیخ" بمێنینەوە."|دەشڵێت: "دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی (سوپا) ڕێگە بە سەربازەکان بدەن سەرەڕای بارودۆخی سەختی کەشوهەوا لەو شوێنەدا بمێننەوە."
بە گوتەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ سووریا لە ساڵی 1974 مۆر کرابوو، دوای گۆڕینی دەسەڵات لە دیمەشق، کۆتایی پێ هات.
هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بەردەوامە لە لێدانی پێگە سەربازییەکانی سووریا و لە 10ـی کانوونی یەکەم، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئیسرائیل بەلەمی سەربازی سووریای لەناوبردووە و لە 12ـی کانوونی یەکەمیشدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بە زنجیرەک هێرشی هێزی ئاسمانی زیاتر لە 90% بەلەم و کۆگاکانی مووشەکی سووریای لەناو بردووە.