سەرەڕای ئاگربەست، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر لوبنان

وێنە لوبنان 'ئەرشیف'
وێنە لوبنان 'ئەرشیف'

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بە فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی، هێرشیان کردووەتە سەر سەکۆیەکی مووشەکی لە لوبنان، کە بە ئاراستەی ئیسرائیل ئامادە کرابوو.

شەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەڤیخای ئەدەرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر سەکۆیەکی مووشەکیی لە لوبنان کە پڕ کرابوون لە مووشەک و ئامادە بوون بۆ هەڵدانی بە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل، ئەمەش پێشێلکردنی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بووە."

ئاماژەی بەوەش کرد "سوپای ئیسرائیل پابەندە بەو لێکگەیشتنانەی کە لەگەڵ لوبنان کردوویانە، هەروەها دژی هەر هەڕەشەیەک دەوەستنەوە کە بکرێتە سەر ئیسرائیل و هاووڵاتیانی."

دوێنی هەینی، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "هێزەکانیان کۆگایەکی گەورەی چەکیان لە نزیک سنووری ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دۆزیوەتەوە."

چوارشەممە، 27-11-2024، دوای زیاتر لە ساڵێک لە شەڕ و پێکدادانی نێوان چەکدارانی حزبوڵلای لوبنان و سوپای ئیسرائیل، بە نێوەندگیری ئەمەریکا، ئاگربەستێکی کاتی دوو مانگە لە نێوان هەردوو لایەن ڕێککەوتنی لەسەر کرا.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment