کۆمێتەی هێزە سیاسییەکانی کورد داوای یەکڕیزی لە پارتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات
کۆمیتەی هێزە سیاسییەکانی کورد کە لە زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید پێکهاتووە، چەند ساڵێکە کارەکانی خۆی دەکات، کۆمیەتەکە ئەمڕۆ داوای یەکڕیزی لە پارتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد بۆ ئەوەی بەپەلە لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا کۆ ببنەوە و داوا و خواستی کورد لە ئایندەی ئەو وڵاتە بچەسپێنن.
شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووریا، بەتایبەتی دۆخی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، کۆبوونەوەی کۆمیتەی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوەچوو.
عەلی جومعە، سەرۆکی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد لە سوێد بۆ کوردستان24 گوتی: لە کۆبوونەوەکەدا کە نوێنەرانی زۆرینەی پارتەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانی تێیدا بەشداربوون، دووپاتمان لە پشتگیریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە، هاوکات بانگەوازێكمان ئاراستەی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد بەپەلە کۆ ببنەوە و ببنە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا کۆ ببنەوە و داخوازییەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بچەسپێنن لە حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتەدا دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
دەشڵێت: دەکرێت کورد ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ دەستخستنی مافەکانی کورد لەو وڵاتە، پێویستە بەپەلە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەو هەنگاوانە بهاوێژێن، لەنێوخۆیداند خۆیان یەکبخەن و لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا بگەنە ڕێککەوتنی باش.