ئەمەریکا و ڕووسیا بە ڕووی تەحریر شامدا دەکرێنەوە

ئاڵاکانی ئەمەریکا و ڕووسیا
ئاڵاکانی ئەمەریکا و ڕووسیا

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: واشنتن لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆدایە لەگەل دەستەی تەحریر شام، لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ڕووسی بڵاوی کردەوە، کە گفتوگۆکانی ڕووسیا و ئیدارەی نوێی سووریا بەردەوامن، بۆیە هێزەکانی ڕووسیا بە نیاز نین بەم نزیکانە لە سووریا بکشێنەوە.

ئەمڕۆ شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: واشنتن پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دەستەی تەحریر شامدا هەیە، سەرەڕای ئەوەی کە تەحریر شام هێشتا لەلای ئەمەریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆستی ناسێنراوە،

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا، دیپلۆماتکارانی عەرەبی، ڕۆژئاوایی و تورکیا ڕێککەوتوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر لە سووریا.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ڕووسییەوە ڕاگەیاندووە، گفتوگۆکانی ڕووسیا لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا بەردەوامن و بۆیە هێزەکانی ڕووسیا بە نیاز نین بەم نزیکانە لە سووریا بکشێنەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕژێم لە دامودەزگە گشتییەکانی دەوڵەت، گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا چوونە ناو دیمەشقی پایتەخت و کۆنترۆڵیان کرد و بەمەش کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.